هەڵگەڕانەوە لە نەوشیروان مستەفا، لەژێر هەر ناوێکدا بێت، دەچێتە خانەی بەررژەوەندیی رکابەرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو رکابەرانەش ئیش لەسەر ئیرادەو ناوبانگ دەکەن و هەموو ئامانجیان ئەوەیە چاکسازی لە نیزامی حوکمدا روونەدات و وڵات وەک بیست ساڵی رابردوو بەڕێوەببرێت.
مەسەلەی وازهێنانی کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، بە بیانووی ئەوەی بەڕێز نەوشیروان مستەفا پیاوێکی دیکتاتۆرەو پرس و را بەهاوڕێکانی ناکات لە بابەتە هەستیارەکاندا، نمونەی چەند دۆستێکمی بیرهێنامەوە لە نێو بزووتنەوەکە، کاتێک قسەمان دەکرد داروبەردی گۆڕانیان هەڵدەوەشاندەوە بەڵام دەیانگوت لەبەر "حورمەتی جەنابی کاک نەوشیروان" هیچ ناڵێین و لێرە ماوینەتەوە.
بەڵام دوای ئەوەی "جەنابی کاک نەوشیروان" پشتگیری هیچ یەکێک لەو کەسانەی نەکرد بۆ پۆستە باڵاکان، ئینجا کەوتنە بۆڵەبۆڵ و دەیانگوت"بزووتنەوەکە هیچ کێشەیەکی نییە و نەوشیروان مستەفا بەتاکڕەوی خۆیی و پشتکردنە ئامانجەکان، بەرەو هەڵدێری دەبات".
کورت و کرمانج، لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا هیچ شتێک گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، نە شێوەی بەڕێوەبردنی، نە شەخشی ریکخەری گشتی. راستە بزووتنەوەی گۆڕان، بزووتنەوەیەکی جەماوەرییە، بەڵام لە ناواخندا خەونێکی تاکەکەسییە بۆ بەدیهاتنی کۆمەڵی مەدەنی و دامەزراوەی نیشتمانی و شکانی بتەکان، مەرج نییە ئەوەش خەونی هەموو سەرکردەو هەڵسوڕاوە دیارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بووبێت.
تەنها شتێک بزووتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی قورس و سەنگین هێشتبێتەوە، ئەو دیکتاتۆریەتەی بەڕێز نەوشیروان مستەفایە
لەتەنیشتی ئەو خەونەی نەوشیروان مستەفا زۆر قەزەم باڵایان کرد، گەوهەری زۆر لەژێر قوڕ هێنرانە دەرەوەو بەکارهێنران، فاشیلی زۆر دەرگای سەرکەوتنی بۆ خرایە سەرپشت، زۆر کەسیش بە رابردوویەکی گەنیووەوە خۆی پاککردەوە،زۆر دەمووچاوی عەبووسیش خۆشەویست کران، زۆر دۆستی نزیکی نەوشیروان مستەفا هەموو سامان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان کرد بە قوربانی خەونەکانی ئەو، زۆر بێ ئیش و بێ بەهرەش لە هیچەوە دەستیان لە ناوبانگ و بەرژەوەندی گیر بوو.
دۆستە دڵسۆزکانی نەوشیروان مستەفا گلەییشی لێ بکەن، پشتی ناشکێنن، لەماڵەوەش دابنیشن، مەجلیسی لەسەر گەرم ناکەن، بۆچوونەکانیشیان وەک هی ئەو نەبێت، تەڵەی بۆ نانێنەوە، چونکە دەزانن شکستی نەوشیروان مستەفا، یانی شکستی گٶڕانکاری لە نیزامی حوکم و کەڵەگایی حیزبدا لەم قۆناغەدا. بەداخەوە هەندێک هێشتا لەوە تێنەگەشتوون کە گەڕانەوەی ئەوان بۆ ناو خەڵک و دەسەبەرکردنی پێگەی گرنگی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆیان، پەیوەندی بە رەسەنی نەجیبی و پیرۆزی خەونەکەی نەوشیروان مستەفاوە هەیە نەک زاتی خۆیان.
هەموو ئەو سەرکردەو سەرمایەدارو هاوڵاتییانەی لەسەر خەتی خەونەکەی بەڕێز نەوشیروان مستەفا بەردەوامن و پشتیوانی دەکەن، خەریکی درووستکردنی دیکتاتۆرێکی دیکە نین، وەک باس دەکرێت، بەڵکو پشتیوانی لە درووستکردنی دنیاو سەردەمێکی جیاواز لەوەی ئیستا دەکەن، ئەو سەردەمەش لە ئێستاو دوارۆژدا نە بۆ نەوشیروان مستەفایە نە بۆ کوڕو براو برازاکانی.
هەندێک لەوانەی باسی دیکتاتۆریەتی بەڕێز نەوشیروان مستەفا دەکەن، خەریکی تەکەتول و بردنە پێشەوەی پیاوەکانی خۆیان و درووستکردنی کلتووری دەربارو خەڵکی ماستاوچین، کە ئەمەش پێش ئەوەی شەڕفرۆشتن بێت بە بزووتنەوەکە، شەڕفرۆشتنە بە نەوەی نوێ.
هەندێک لەوانەی باسی دیکتاتۆریەتی بەڕێز نەوشیروان مستەفا دەکەن، خەریکی تەکەتول و بردنە پێشەوەی پیاوەکانی خۆیان
نەوەی نوێ "لەهەموو کوردستاندا نەک تەنها ناو گۆڕان" باش دەزانن ئەگەر نەوشیروان مستەفا نەبوایە نیو سەدەی دیکە ئەم رۆژگارە نەدەهاتە پێشەوە کە ئەوان لەو ئاستە فراوانەدا بەشداری هەموو کایە گرنگەکانی کۆمەڵگەو ئیدارەو سیاسەت بکەن.
تەنها شتێک بزووتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی قورس و سەنگین هێشتبێتەوە، ئەو دیکتاتۆریەتەی بەڕێز نەوشیروان مستەفایە، هەڵبەت لەبەر ئەوە نا کە دیکاتۆریەتم لا پەسەندە، بەڵکو لەبەر ئەوەی دەزانم بۆ گەشتن بە هەندێک دەسکەوتی گەورەو گرنگ و رووبەڕووبوونەوەی تەڵەو فیڵ و دوو روویی، جۆرێک لە دیکتاتۆرەیەت نەک پێویستە، بەڵکو تەنها رێگای سەرکەوتنیشە.
بزووتنەوەی گۆڕان بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا گوزەر دەکات، پاش زیاتر لە شەش ساڵ رەخنەگرتن و چوار ساڵ ئۆپۆزسیۆنبوون، ئێستا لەنێو دەسەڵاتداتە، لەوێش سەختترین بەرپرسیارێتی لەئەستۆ گرتووە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ چاودێری حکومەت و رێکخستنەوەی هەموو ئەو یاسایانەی لەگەڵ خەونی بزووتنەوەکەو بەڵێنەکاندا دێتەوە، وەزیری دارایی بۆ بنەبڕکردنی ئەو سەرەتانە قورسەی لە دادپەروەری و سامانی گشتی داوە، وەزیری پیشمەرگە بۆ تێپەڕاندنی شەڕی داعش و ریکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
ئەگەر رەخنەگرەکانی ناو گۆڕان و ئەو دەم گەرم و خەون بەتاڵانەی لە کەمیندان بۆ شکاندنی بزووتنەوەکە، یەک تۆز لە سیاسەت و هونەری ململانێ و سروشتی ئەو کارە سەختە تێبگەشتنایە، چوار ساڵ بە هەموو شێوەکانی پشتیوانی لەدەوری گٶڕان دەمانەوە.
کوردستان رووبەرووی گەورەترین ههڕەشە بۆتەوە کە داعشە، بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیرەکەی گۆڕان بەرپرسن لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە. کوردستان لەنێوسەختترین قەیرانی ئابووریدایە، بەڕێزان سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکەی گۆڕان بەرپرسن لەسەرکەوتن بەسەر ئەو قەیرانەدا.
لەم کاتەدا نیوەی بەرپرسیارێتی هەرێمی کوردستان لەسەر گۆڕانەو گۆڕانیش چەند مانگێکە بەشداری حکومەتی کردووە. تەنها شتێک لەم کاتەدا بۆ گۆڕان و ناو ماڵی کوردی پێویست بێت، یەکڕیزی و کۆبوونەوەیە لەدەوری یەکتری، بەڵام دیارە خەڵکانێک ئەم قۆناغە سەختە بە دەرفەت دەزانن بۆ لاوازکردنی نەوشیروان مستەفاو وادەزانن دەتوانن بەو شێوەیە مەرجەکانی خۆیان بسەپێنن.
هیچ کەسێک نییە لەنێو گۆڕاندا بەقەدەر حەجمی خۆی چانسی نەخرابێتە بەردەم و دەستەکەی کەشف نەکرابێت، ئەوەش یەکێکە لە زیرەکییەکانی بەڕێز نەوشیروان مستەفا. دڵڕەقی و توندی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ئەو پرتەو بۆڵە بۆڵەدا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە دەزانێت لەنێو ئەو نوشتە پێچراوەدا چ دوعایەکی تێدایە، هەر بۆیە ئامادە نییە پێی بڵێت"ئامین".
لەسەر ئاستی دەرەوەش خەونەکانی بەڕێز نەوشیروان مستەفا بەقۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕن، هاوپەیمانەکانی کە دوو حیزبە ئیسلامییەکە بوون،هەڵگەڕاونەتەوە لە بەڵێنەکانی خۆیان.
سەرکردەی حیزبە ئیسلامییەکان چەندین ساڵە قەواعیدو گەنجە هەژارەکانی خۆیان دەکەن بەگژ دەسەڵاتدا کە شەقی تێهەڵداون و فەللاقەی کردوون و لە مافەکانی خۆیان بێبەشیکردوون، بەڵام لەو شوێنەی یەک تۆز ئازایەتی سەرکردەکانی پێویستە بۆ بەدیهێنانی ئەو گۆڕانکارییەی بەڵێنیان بەخەڵک داوەو وەفاداری بەرامبەر بە قوربانییەکانیان، نوزە لەخۆیان دەبڕن و لەبری ئەوەی لایەنی حەسمکردنی ململانێکان بن بە قازانجی خەون و بەڵێنەکانیان، بەزۆر خۆیان دەکەن بە برای ئاشتەوایی وەک ئەوەی لەمەسەلەی یەکلاکردنەوەی پارێزگاری نوێی سلێمانی دەیبینین.
لەم کاتەدا گەلەکۆمەکی کردن لە گۆڕان و بزووتنەوەی گۆڕان چ جۆرە هەوڵدانێکە بۆ چاکسازی و کێ هەیە بە دوعای ناو ئەو نوشتە پێچراوە بڵێت ئامین؟


.jpg&w=3840&q=75)