بەو دەنگە پڕ سۆزەی كە سوێی ئازاری جگەرسووتانی بەردی دەكرد بە ئاو، لە بەرەبەیانی 20ـی حوزەیران، كە ساڵڕۆژی لەدایكبوونی منە، دایكی هاواری دەكرد "ئای خودایە ئەوە ئەمساڵ من دووجار بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی كوڕەكانم هاتمە ئەم شوێنە، بۆ دەبێت ئێرە دوا مەنزڵی بینینەوەی كوڕەكانم بێت؟"
دوای ئەوەی ئومێد كەریمی هاوڕێم لە رۆژی 19-6-2014 بەنەخوشییەكی كتوپڕو لەكاتی وێنەگرتنی بەرنامەی "خەڵكو حكومەت"ی كەناڵی ( KNN ) لەناوچەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر، گیانلەدەستدەدات، ئێوارەی هەمان رۆژ دەیگەیەننە پزیشكی دادی هەولێر، پاش رێكارە پزیشكیو یاساییەكان، ئەو شەوە تەرمەكەمان هێنایەوە بۆ پزیشكی دادی سلێمانی، لەدوای كاژێر یەكی شەو، دایك و باوكە جگەرسووتاوەكەی لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە گەیشتنە ئەوێ. هاوسەرەكەی كە تەنها 17 رۆژ بووە خێزانیان پێكهێناوەو تەنها دوو رۆژ بوو لە مانگی هەنگوینی گەڕابوونەوە، بە دڵشكانێكی گەورەو لەهۆشخۆچوونێكی زۆرەوە بۆ دواجار ئومێدی بە بێ گیانی بینی.
ئومێد، برای خوالێخۆشبوو "تەهای كەریمی"یە، كە یەكێك بوو لە گەنجە دەستو بیرو هونەرو رەوشت رەنگینەكانی كورد، كە ساڵێك پێش ئێستاو لەو كاتەی خەریكی تەواوكردنی دۆكیۆمێنتارییەك بوو لەسەر زانای گەورەی كورد "مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس" بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە لەناو شاری سلێمانی گیانی لەدەست دا. ئومێد لەكاتی وێنەگرتنی بەرنامەی "خەڵكو حكومەت"ی كەناڵی (KNN ) گیانی لەدەست دا. بەرنامەی خەڵكو حكومەت بیرۆكی من بوو ئەو كاتەی بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەكانی( KNN ) بووم، وادەزانم ئەوە تەنها بەرنامەیە كە تائێستا لەو كەناڵەدا تایتڵ و ناوی بەرنامەو پێشكەشكارو شێوەی ئامادەكردنی، هەروەك خۆی ماوەتەوە.
تەهای كەریمی لەو كاتەی خەریكی پاراستن و ئەرشیفكردنی رابردووی كوردو سەرمایە رەمزییەكانی بوو، گیانی لەدەستب دا. ئومێد لەو كاتەی خەریكی وێنەگرتن و گواستنەوەی دەنگی ناڕەزایی و كەموكورتی خزمەتگوزاری بێنازی ناوچە دوورە دەستەكان بوو، گیانی لەدەست دا.
هاواری پڕ سۆزی ئەو دایكەی كە دوو كوڕی لەماوەی ساڵێكداو لەكاتی ئەنجامدانی كاری میدییایدا لەباشووری كوردستان و دوور لەكەسوكار گیانیان لەدەست دا، ئەو دایكە ئەمریكییەی بیرهێنامەوە، كە لەكاتی جەنگی جیهانی دووەمدا سێ كوڕی دەكوژرێن و سەرۆكی ئەمریكا، فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی وڵاتەكەی ئاگادار دەكاتەوە لەڕێی تیمێكی تایبەتی سەربازییەوە بە سەرۆكایەتی" جەنەراڵ رایان"، کە كوڕی چوارەمی ئەو پیرەژنە تەنهایە رزگار بكەن.
ئەو دایك و باوكە جگەرسووتاوە، ئەوە سێیەم كوڕیانە یەك دوای یەك لەدەستی دەدەن و ئێستا جگە لە منداڵێكی بچووك، تەنها كاكە "هاوڕێ"یان ماوە كە ئەویش دوور لە خاك و كەسوكار لەوڵاتی هیندستان خەریكی خوێندنە.
تا بەرەبەیانی رۆژی 20-6-2014 لەگەڵ هاوڕێو كەسوكارەكەی ئومێد لە پزیشكی دادی سلێمانی ماینەوەو سەرلەبەیانیش چووینە لای دایكو باوكو كەسوكارەكەی، داوا لەدۆستەكانم دەكەم لە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان مەرگی ئەو دوو جوامێرە بەمەرگی پێشمەرگە گیانفیداكان بزانن و لەرووی قەرەبووی ماددیو مەعنەوەییەوە، هەمان مافی ئەوان بە هاوسەرو كەسوكارەكەیان بدرێت.
بڕوانە چەند وێنەیەكی دەگمەنە كاتێك دوو كوڕی یەك دایك، لە پارچەیەكی دیكەی كوردستانەوە دێن و جوانترین هونەرو بەرهەمی سینەماییو میدییایی پێشكەش بە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام ئەو دایكە لەماوەی یەك ساڵدا، لەیەك شوێن كە پزیشكی دادییە، دوو جەستەی بێ گیان و كۆمەڵێك یادەوەری لەگەڵ خۆی دەباتەوە. ئەو بە دڵێكی شكاو، دوو چاوی پڕ لە فرمێسك، جەستەكان دەباتەوە بۆ رۆژهەڵات، بەڵام نابێت ئێمە لە باشوور بهێڵین ئەوان بەتەنها خەمی ئەو كارەساتە لەسەرشان بنێن، ئیتر ئەوە ئەركی حكومەت و سەندیكاو هاورێكانییەتی.


.jpg&w=3840&q=75)