رووداو - هەولێر لە شەوی 15/6/2014 نووری مالیکی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبەردەم کۆمەڵێک سەربازی خۆبەخش ماوەی 8 خولەک و 20 چرکە دەردەکەوێت بۆ پێشکەشکردنی وتارێک. لەو ماوەیەدا 2 خولەک و 48 چرکە بۆ هوتافکێشان و سڵاواتدان لەسەر پێغەمبەری ئیسلام و ئامادەی خۆبەخشین بوو، واتە مالیکی تەنیا 5 خولەک و 48 چرکە قسەی کردووە. فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەو ماوە کەمەدا 79 جار پەنجەی هەڕەشەی رادەوەشاند، وەک پیشاندنی هەڕەشەکردن لە نەیارەکانی و پشتیوانی دۆستەکانی و روونکردنەوەی بۆچوونەکانی، ئەوەش تەواو پێچەوانەی زۆربەی دەرکەوتنەکانییەتی لەپێش کامێرا، کە خۆی وەک کەسێکی هێمن و دەسەڵاتدار پیشان دەدا. دوای دەستبەسەرداگرتنی موسڵ و بەشێکی زۆری خاکی ناوچەی سوننەنشینی ناوەڕاستی عێراق لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام"داعش"، مەرجەعی شیعی و بەتایبەت ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەکانی عێراق داوای پشتیوانیکردنی سوپای عێراقی کردو بە "جیهاد" ناوی بردو سەرۆک کۆماری ئێرانیش پشتیوانی ئەو فتوایەی سیستانی کرد. نووری مالیکی لەو 5 خولەک و 48 چرکەدا 9 جار ناوی مەرجەع و سیستانی دەهێنێت و زوو زووش باسی ئەوە دەکات کە ئەوان بۆ هەموو گەلی عێراق تێدەکۆشن و شەڕی ئەوان لەگەڵ داعش، شەڕی عێراقییەکانە لەگەڵ تیرۆر نەک شەڕی سوننییەکانی عێراق، وەک ئەوەی بەرهەڵستکارەکانی مالیکی باسی دەکەن. دوای شکستی خێرای سوپای عێراق لە موسڵ و بەشێکی زۆری ناوەڕاستی عێراق، سوپاکەی مالیکی بە "بێ ئیرادەو ترسنۆک" ناوبران، چونکە بە چوار فیرقە کە ژمارەی چەکدارەکانی زیاتر بووە لە 40 هەزار سەربازو دەیان جۆر چەکی قورس، نەیانتوانی رووبەڕووی نزیکەی هەزار چەکداری داعش ببنەوە. مالیکی ئەو حاڵەتەی بە "خیانەتکردن" لە سوپای عێراق و پلانگێڕی لە دژی خۆی وەسفکرد، بەرهەڵستکارەکانی و رۆژنامە جیهانییەکانیش سوپاکەی مالیکییان بە سوپایەکی "بێ ئیرادەو گەندەڵ" ناوبرد. نووری مالیکی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سوپاکەی لەو 5 خولەک و 48 چرکەدا 10 جار وشەی ورەو ئیرادە بەکاردەهێنێت و رایدەگەیەنێت "هەرگیز حکومەتی عێراق هەرەس ناهێنێت". دەستڕاوەشاندنی زۆری مالیکی دووبارەکردنەوەی وشەی "ئیرادە" و"مەرجەع" و "سیستانی" پیشانی دەدات کە وەک چۆن بارودۆخی عێراق و هاوکێشە سیاسییەکەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەتەکێت و شێوەی قسەکردن و دەرکەوتنی مالیکیش گۆڕاوە، تەنانەت سکرتێری تایبەتی مالیکی کە زاوایەتی، هەمووجار بە جلوبەرگی فەرمییەوە دەرکەوتووە، بەڵام ئەویش گۆڕانی بەسەردا هاتووەو جلی سەربازی لەبەرکردووە.