زیاتر لە 140 رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوەو هێشتا حكومەت لەلایەن حیزبی براوە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، پێكنەهاتووە، هۆكارەكەش ماڵئاڵۆزیی یەكێتی و پێداگریی گۆڕان و دەستنوقاویی پارتییە.
ئەگەر پارتی سەرچۆپیەكە بداتە گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت، پرۆسەكە خێراتر و سەركەوتووتر دەبێت، چونكە گۆڕان باشتر دەستی یەكێتی دەخوێنێتەوە و لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتووش بە لاچاوێك زۆر كێشە چارەسەر دەكەن و لەگەڵ پارتیش كە ئێستا تێگەیشتنێكی"ستراتیجی" لەنێوانیاندایە، وەك شەریكێكی فەوقی مامەڵە ناكات.
ئەوەی گۆڕان لەماوەی رابردوودا كردوویەتی، هەر "داواكردن" بووە، چونكە تۆپەكە لەقاچی ئەودا نەبووە. كەچی هەمووجار یەكێتی و پارتی بەو داواكارییانەش تایان لێدەهات، هۆكارەكەش ئەوەبوو كە قەبارەو قورسایی ئەو بزووتنەوەیەیان دەزانی و داواكانیان تەنها وەك چەند رستەیەك بۆ مێژوو سەیر نەدەكرد، بەڵكو وەك نەخشەی خانوویەك تەماشایان دەكرد كە دوای ئیمزاكردنێك، دەچووە بواری جێبەجێكردنەوە. ئێستا گۆڕان دەتوانێت "داواكاری"یەكی دیكەش بكات، ئەویش مافی پێكهێنانی حكومەتە.
میدیاكانی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن لەماوەی رابردوودا، وەك بەشێك لە هەڵمەتی شكاندنی یەكێتی بەوەی تەسلیمی پارتی بووە، وەهمێكی نەفسییان بۆ خۆیان و جەماوەرەكەیان دروستكردووە و هەر نزیكبوونەوەیەكیان لە پارتی بە تەسلیمبوون بۆ حساب دەكرێت. لەكاتێكدا راستییەكەی ئەوەیە نزیكبوونەوە لە پارتی سەركەوتنە، چونكە پارتی لەسایەی ئەو عەقڵیەتەدا، لەڕووی دەسەڵات، پۆست، پارەو نوێنەرایەتی كورد لە ناوخۆو دەرەوە، پێیەكانی لەبەڕەكەی خۆی زیاتر درێژ كردووە، بۆ ئەوەی پارتی بخەیتەوە شوێنی خۆی لەسەر بەڕەكە، دەبێت شەریكی بیت یان شەڕی لەگەڵ بكەیت و دیارە كە سەردەمی شەڕیش بەسەرچووە.
گۆڕان و پارتی زۆر سوود دەبینن لە بەسەرهاتەكەی یەكگرتوو، بەسەرهاتەكەش ئەوەیە كاتی خۆی كە یەكگرتووی ئیسلامی لەنێو خۆیاندا باسی ئیمان و برایەتییان دەكرد، دوو ئەندامیان دەچنە چایخانەیەك و هەریەك دینارێكیان پێدەبێت، یەكەم پارەی دووەم دەدات و دووەمیش پارەی یەكەم دەدات، بەوە خۆشەویشتی و گیانی بەخشین لەنێوانیاندا زیاد دەكات، لەكاتێكدا وەك حسابات، هەركەسەو پارەی چای خۆی داوە.
ئێستا پارتی دەتوانێت سەرچۆپیەكە بداتە گۆڕان و پێداگری لەسەر هەموو ئەو پۆستانە بكات كە خۆی بە خاوەنی دەزانێت. بەپێی زانیارییەكانم، گۆڕان هیچ لارییەكی نییە لە بەشی پارتی، گۆڕانیش هەمان ئەو پۆستانە بۆ خۆی بهێڵێتەوە كە لەسەری رێكەوتوون.
لەگەڵ یەكگرتوو كۆمەڵیش بچووكترین كێشەی نابێت، چونكە ئەوان تائێستاش پەتێك هەیە پێكەوەیان دەبەستێت كە هەرسێكیان تەنكی و پچڕانی پەتەكە لەهەر لایەكیەوە بێت، بە كەوتنەخوارەوەی خۆیان بزانن. مەسەلەی یەكێتیش پێناچێت كێشە بێت ئەگەر بە كلیلەكەی لای من بەرەوڕووی دەرگا داخراوەكەی یەكێتی بچن. مێژوویەكی نیو سەدەیی، سەركردەكانی یەكێتی و گۆڕان پێكەوە دەبەستێتەوەو باشتر دەتوانن دەستی یەكتری بخوێننەوە.
لەترسی جەماوەرەكەیان و موزایەدەی بێمانا، یەكێتی و گۆڕان زۆر شتیان لە دژی یەكتری كردووە كە خۆیان بڕوایان پێی نەبووە. ئەگەر گۆڕان سەرچۆپیەكە بگرێتە دەست و یەكێتیش تۆزێك هۆشی بێتەوە، دەتوانێت بەیەكێتی بڵێت بەهەردووكمان 42 كورسی پەرلەمانمان هەیە، بەهەردووكمان ئەوەندە پۆستی حكومەت و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و ...هتدمان هەیە. گۆڕان دەتوانێت بە یەكێتی بڵێت بەهەردووكمان پێكەوە باشتر پێكانی پارتی دەخەینەوە سەر بەڕەكەی خۆی. كلیلی ئەو دەرگا داخراوەی یەكێتیی تەنها بە گۆڕان دەكرێتەوە، چونكە باڵەكانی یەكێتی لەدژی یەكتری شەڕ بۆ كورسی كوڕی سەرۆكەكان دەكەن. كاك نەوشیروانیش لەهەموو كەس باشتر دەتوانێت ئەو نەوە نوێیە لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە.
كێشەی هەرە گەورەی "دادە"و "كاكە"و "دكتۆر"یش هەر مەسەلەی پۆستە، پۆستەكانیش هی ناو حیزب نا، بەڵكو پۆستی حكومەت و دەستڕۆشتن لەمەسەلە ماددیەكانە.
گۆڕان دەتوانێت لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا دڵی "دادە" بەوە خۆشبكات كە پۆستێكی باش بۆ قوباد تاڵەبانی مسۆگەر بكات. كاك كۆسرەتیش هەموو خەمی ئەوەیە تا لەژیاندا ماوە، كورسیەكی تۆزێك باش بۆ كوڕەكانی بەدەستبهێنێت و ئەوەش بۆ كاك نەوشیروان ئاسانە كە لەناو حیزب و حكومەتدا جێگەی بكاتەوە. دەمێنێتەوە دكتۆر بەرهەم كە پێموایە چارەسەری ئەو زۆر ئاسانە و گۆڕان دەیكاتە نوێنەری خۆی و یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستێكی باڵا لە بەغدا. راستە هەندێك سەركردەی یەكێتی لە رابردوودا زانیاری كۆبوونەوەی خۆیان و كاك نەوشیروانیان بۆ پارتی گواستووەتەوە و ترش و خوێیان پێوەكردووە بۆ ئەوەی پارتی هەرگیز بیر لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ گۆڕان نەكاتەوە، بەڵام ئیدی سەردەمی سیخوڕیی سیاسی بەسەرچووەو پارتی لەهەموو لایەنەكان باشتر لە گۆڕان تێدەگات كە لەچیدا جێی مەترسییەو لەچیدا جێی ئومێدە.
با پارتی سەرچۆپیەكە بداتە دەست گۆڕان و سەرۆكی حكومەتیش بۆ خۆی بێت، ئەوە ئەگەر لە عورفی سیاسیدا بوونی نەبێت، لە عورفی سوڵحی سیاسیدا هەیە، هەروەك ئەوەی ئیخوانەكانی تونس سەرۆكی دەوڵەتیان دایە حیزبە هاوپەیمانەكەیان.


.jpg&w=3840&q=75)