رووداو- هەولێر
حیزبی دیموکراتی کوردستان رەتی دەکاتەوە کە شەڕ و پێکدادانەکەی سەردەشت پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی ئەو حیزبەوە هەبووبێت.
دوێنێ یەکشەممە لە ناوچەی رەبەتی سەر بە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ و پێکدادان لەنێوان گروپێکی چەکدار و هێزێکی سوپای پاسدارانی ئێران هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا چەندین ئەندامی سوپا کوژران و بریندار بوون.
ئەو رووداوە لە کاتێکدایە کە هەفتەی رابردوو پۆلێکی 20 کەسی لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان سەردانی قەندیلیان کردبوو و هەندێک دەنگۆ بڵاو بووەتەوە کە گوایە پێکدادانەکە لەکاتی گەڕانەوەی ئەو پێشمەرگانە روویداوە.
مستەفا مەولودی، جێگری سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لێداوانێکدا بۆ (رووداو) رایگەیاند "ئەو پێشمەرگانە بۆ راهێنان یان ئەرکی حیزبی نەنێردرابوونە قەندیل و تەنها بە مەبەستی سەیران سەردانی ناوچەکەیان کردبوو".
مستەفا مەولودی راشیگەیاند "رووداوەکەی سەردەشت پەیوەندی بە پێشمەرگەکانی ئێمەوە نییە".
کوردستان و کوردی ماڵپەڕی فەرمی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە تەنها ماڵپەڕی حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستانە رووداوەکەی روماڵکردووە، ژمارەی کوژراوانی سوپای پاسدارانی 6 کەس نووسیووە و رایگەیاندووە "بههۆی لێکدانی هێزێکی سهر به سوپای پاسدارانی ئێران له ناوچهی رهبهت لهگهڵ گرووپێکی چهکداریی کوردیدا زیاتر له 16 کهس له هێزهکانی ئێران کوژراونو بریندار بوون".
هەر لەو بارەوە هەڤاڵ کاروان، ئەندامی ناوەندی زانیاری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) بێ ئەوەی پەیوەندی پارتەکەی بە رووداوەکەی سەردەشت رەت یان پشتڕاست بکاتەوە، رایگەیاند "PJAK لەو بارەوە راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە".
تا ئێستا ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران هیچ کاردانەوەیەکیان بەرامبەر ئەو هەواڵە نیشان نەداوە.



