رووداو دیجیتاڵ
سەلمان روشدی نووسەر و رۆماننووسی دیاری هیندی- بەریتانی و یەکێک لە بەناوبانگترین رۆماننووسەکانی ئێستای جیهان، لە تویتێکدا ئاشکرای کردووە، ئەو رۆمانەی بەهۆی بەکارهێنانی وشەی کوردستانەوە دەستکاری کرابوو، ئێستا داوای لێبووردنی لێکراوە و جارێکی دیکە بە وشەی کوردستانەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە.
رۆمانی 'جادووگەرەکەی فلۆرێنس'، نۆیەم رۆمانی روشدییە. رۆمانەکە ساڵی 2008 نووسراوە و باس لە ژنە جادووگەرێكی ئیتاڵی دەکات، کە گەشت بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی مەغۆلەکان و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکات لە سەردەمی جەلالەدین ئەکبەر سوڵتانی مەغۆل و سوڵتان سەلیمی عوسمانی.
لەو رۆمانەدا کاتێک باسی سوڵتان سەلیمی عوسمانی دەکات، نووسیویەتی سەلیم دوای داگیرکردنی تەورێز ویستویەتی لە پایتەختی سەفەوییەکان بمێنێتەوە و تاوەکو زستان تەواوی مەملەکەتی پێرشیا (فارس) داگیربکات، بەڵام لەو کاتەدا کەسێک بەناوی ئارگالیا پێیگوتووە ئەگەر لەسەر ئەمە سوور بێت لەوانەیە سوپاکەی یاخی بێت، دواتر سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و کوردستانیان لکاند بە ئیمپراتۆریەتەکەوە.
بەهۆی بەکارهێنانی وشەی کوردستانەوە لەو شوێنە، ئەو خانەیەی چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆمانەکەی لە ئەستۆ بوو، بەهۆی گوشاری سیاسییەوە ناچاربوون وشەی کوردستان بگۆڕن. لە وەرگێرانە تورکییەکەدا لە جیاتی وشەی کوردستان نووسراوە: "ئەو خاکەی کە کوردەکان لەسەری دەژیان".
ئەمەش بووەتە جێی نیگەرانی روشدی، بەڵام رۆژی دووشەممە 9ی ئاب، روشدی لە تویتێکدا نوسیوویەتی دەزگا تورکییەکە کە دەزگای چاپ و پەخشی جانە داوای لێبووردنیان کردووە. هەموو ئەو کۆپیانەی کە هەن لەبازاڕ کشێنراونەتەوە و بەمزووانەش کۆپییە راستکراوەکە چاپ دەکرێتەوە.
کۆپییە تورکییەکەی رۆمانەکەی سەلمان روشدی لە ئاداری 2019 بڵاوکراوەتەوە.
روشدی بە رەچەڵەک خەڵکی هیندستانە، بەڵام وڵاتینامەی بەریتانیا و ئەمریکاشی هەیە، بە رۆماننووسی هیندی- بەریتانی- ئەمریکی دادەنرێت. خاوەنی رۆمانی بەناوبانگی "ئایەتەکانی شەیتانە"، کە لە زۆر وڵاتی ئیسلامی قەدەخەکراوە و تەنانەت لە ئێران لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری پێشووی باڵای ئێرانەوە فتوای کوشتنی دراوە، هەروەها ساڵی 1989 واتە ساڵێک دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی، حکومەتی تورکیاش بڕیاری قەدەخەکردنی کتێبەکەی دا.



