1
زمان ئاسۆی گه‌ردوونیی هه‌یه و مرۆڤیش له نێوان زمانه هاوبه‌شه‌كاندا دابه‌شكراوه. شیعر پانتایی زمان تێناپه‌ڕێنێ، به‌ڵكو ده‌یكاته هونه‌ری زمان. له شیعری بێگه‌رددا پرسێكی گرینگ رۆڵ ده‌بینێ، زمان ده‌بێته هونەری زمان، هه‌روه‌ها شیعریش ده‌بێته هونه‌ری زمان. بۆ هه‌ر وشه‌یه‌ك زیاد له مانایه‌ك په‌یدا ده‌بێت و سروشتییانه هه‌ڵده‌قووڵێت، له زمانی زانست‌دا یاری به مانای وشه ناكرێت، واته: وشه یه‌ك مانای هه‌یه و بەس. له شیعری بێگه‌رددا زمان به په‌نهانی نامێنێـته‌وه و به لێكدانه‌وه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت و ده‌بێته ئەزموونی شاعیر و ناوه‌ندی مانا، ئه‌زموونی شاعیر و ناوه‌ندی مانا هه‌ر له له‌دایكبوونی مرۆڤی ئاساییه‌وه تا له‌دایكبوونی خوداوه‌نده‌كان درێژ ده‌بێته‌وه، یان له مردنی مرۆڤی ئاساییه‌وه تا مردنی خوداوه‌نده‌كان، واته: سەره‌تا پرسیار له كۆتایی ده‌كات و كۆتاییش پرسیار له سه‌ره‌تا ده‌كات، وه‌ڵامه‌كان شیعری بێگه‌ردن و سنوورەكانی ئه‌ندێشه‌ی شاعیر به‌رزده‌كه‌نه‌وه و ده‌ستنیشانی ده‌كه‌ن.
2
له زماندا نهێنییه‌ك هه‌یه، پانتاییه جۆراوجۆره‌كانی بوون گه‌ڵاڵه ده‌كات، ته‌نیا شیعر ده‌توانێت ده‌ستی بۆ ببا و دوو ئاسۆی كارای تێدا تێكه‌ڵاو بكات.
یه‌كه‌م: ئه‌و ئاسۆیه‌ی ژینگه ده‌یخوڵقێنێت، زمان توانای په‌یپێبردنی هه‌یه.
دووه‌م: ئه‌و ئاسۆیه‌ی شیعر ده‌یخوڵقێنێت، به چه‌شنێكی زمانه‌وانی، دۆخگۆڕین ده‌كات.
شاعیر نیشته‌جێی هه‌ردوو ئاسۆیه. ئاسۆی یه‌كه‌م به ته‌واوی توانا ماناییه‌كانیه‌وه ئاماده‌یی له ئاسۆی دووه‌مدا هه‌یه. ئاسۆی دووه‌میش به ته‌واوی جیهانبینییه‌وه ئاماده‌یی له ئاسۆی یه‌كه‌مدا هه‌یه. تواناكانی زمان تێیاندا فەراهه‌م ده‌بێت و درێژه به هێزی زمان و ڕێگاكانی بینینی جیهان ده‌دات و هێما ئافرێنه‌ره‌كان زمان ده‌یانكاته‌وه.
3
شیعر هۆكارێكی سه‌ره‌كییه له بوونی مرۆڤدا. مرۆڤیش جه‌ماوه‌ری كۆی شته‌كانه، كه‌واته: شیعر ئه‌گه‌ر چەند كه‌سانێكی وریا و به‌ئاگا و بژارده بیخوێننه‌وه، ئه‌وه شیعرێكی به جه‌ماوه‌ره. به‌دحاڵی و خۆهەڵخەڵەتاندنێكی كوشنده له‌ناو به‌شێك له ئێمه‌مانان په‌یڕه‌و ده‌كرێت. خۆماتدان له‌ژێر ئه‌و پرسیاره بەتاڵەی هه‌ر شیعرێك نه‌یتوانی له سه‌رده‌می خۆیدا جه‌ماوه‌ر په‌یدا بكات، ئه‌وه شیعره‌كه له ئاستێكدایه و جەماوهریش له ئاستێكی نزمتردان، یان له سه‌رده‌مێكی پێشكه‌وتووتردا جه‌ماوه‌ری ڕۆشنبیرتر په‌یدا ده‌بن و دەبنه خوێنه‌ری ئه‌م چه‌شنه شیعره. ئه‌م جۆره تێڕوانینه هێرشكردنه سه‌ر شیعر و سووكایه‌تیكردنه به خوێنه‌ر، ده‌رهاوێشته و كاردانه‌وه و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه كه خوێنه‌ر بهلایهوهناون و نایانخوێنێـته‌وه.
ئه‌گه‌ر شیعرێك له سه‌رده‌می نووسینیدا نه‌یتوانی جه‌ماوه‌ری وریا و به‌ئاگا و بژارده بۆ خۆی په‌یدا بكات، له هیچ سه‌رده‌مێكی تردا ناخوێندرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بڕوام به دیارده‌ی ده‌گمه‌ن و ناوازه و سه‌رپه‌ڕ هه‌یه.
مه‌حوی، گۆران، دیلان ..... تاد، شاعیری به جه‌ماوه‌رن، ئه‌مانه له ڕوئیا و شیعرییه‌تدا له ورووژان و ڕاكێشانی جادوویی و جاویدانیدان، به خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتن گه‌یشتوون، به‌یه‌كگه‌یشتنی شیعرییه‌ت و جه‌ماوه‌ر، هەستدهكهیت هه‌موو شتێكیان بینیوه، سوودیان له كه‌شوهه‌وا و هێما ئه‌فسانه‌ییه‌كانیش وه‌رگرتووه و نیگەرانییه‌كی داهێنه‌رانه‌یان تێدایه. با هه‌ل و بوارێك وه‌ربگرین و بچینه ناو شیعرییه‌تی ئه‌م سێ ده‌قه‌وه:
یه‌كه‌م: ئه‌وی ئه‌مڕۆ به ده‌وری ته‌ختیایه هه‌لهه‌له‌ی مه‌خلووق، مه‌حوی.
دووه‌م: دواسه‌رنج، گۆران.
سێیه‌م: سێبه‌ری په‌رت، دیلان.
له هه‌مان كرده‌شدا ده‌بینین هه‌یه نیو سه‌ده‌یه پیاده‌ی نووسینێك به نیازی شیعر ده‌كات، كه‌چی من وه‌ك خوێنه‌رێكی ناوه‌خن و به‌رده‌وامی شیعری كوردی، ئه‌وه‌م ڕووبه‌ڕوو نه‌بووه‌ته‌وه یه‌ك دێڕیشی بووبێته ده‌قێكی: (چێژ)، یان ده‌قێكی: (ڕوئیا)، یان ده‌قێكی: (مه‌عریفی). هه‌ر پانتاییه‌كی سپی كاغه‌ز به نیازی شیعر، به رەنگێك دابپۆشرێت ئه‌م سێ خاڵه تێیدا ئاماده‌بوونێكی به‌هێز و پڕ جووڵه‌ی نه‌بێت، بێ هیچ چه‌ندوچوونێك له شیعرییه‌ت به‌تاڵه و مێژووی داهێنان فڕێیده‌دات و بانگهێشتی ناكات بۆ بینینی جیهان.
نوێبه‌خشی بناغه‌دار، به‌رده‌وام له ره‌گی كۆمه‌ڵگا كارده‌كات، كۆمه‌ڵگاش بوونی خۆی ده‌ناسێت و له دەركەوتنی بزووتنه‌وه‌كان ئاگادار ده‌بێت، ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ش ده‌ناسێت كه نوێبه‌خشی ده‌گونجێنێت و چالاكی دەكات.
نموونە: شیعری (وەرە خوارێ ئەی خواكەی غەریبان لە كلكەی هه‌وری ئاڵه‌وه وه‌ره خوارێ)ی ئه‌نوه‌ر قادر محه‌ممه‌د. فه‌زایه‌كی زیندووی هه‌یه و تا بڵێی ئێستێتیكییه. نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوولی له ئه‌زموونێكی ئێستێتیكی سێبه‌ردار داڕشتووه و باری ده‌روونیی كۆمه‌ڵگای كوردیی تێدا به‌رجه‌سته كردووه.
به خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی شیعرییه‌ت و جه‌ماوه‌ر گه‌یشتووه، به‌هره‌ی خۆڕسكی شیعر، بێ زۆرله‌خۆكردن ئافراندوویه‌تی.
بڕواشم وایه ئه‌وانه‌ی روئیا و شیعرییه‌تیان لا دروست نه‌بووبێت ته‌مه‌نی نووحیشیان هه‌بێت نابن به شاعیر. جا گرفت له‌وه‌دا نییه ئه‌م شیعره به جه‌ماوه‌ره، یان نا، به‌و مانا خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌ی له‌ناو ئاستنزم و پەراوێزەكان پڕوپاگەندەی كوشندەی بۆ دەكرێت. ئەوە گرفتەكەیە. ئایا ئەم شیعرە روئیا و شیعرییەت و بنیاد و شێواز و بیرۆكە و نیشانە هاوچه‌رخه‌كانی تێدایه، یان نا.
من بڕوام به شیعرییه‌ت و روئیا و جه‌ماوه‌ری وریا و به‌ئاگا و بژارده و ئه‌زموونی شاعیر و خۆبوونی هه‌یه.
4
خودایه، كه هێڵه‌كانی ژیانت رێكخستووم، ئازادیی نووسین و داهێنانت بۆ فه‌راهه‌م، پرسه‌كانت تاوتوێ كردووم. به ته‌واوی بڕوا و قه‌ناعه‌ته‌وه، رۆژی پێنج فه‌رز خۆم راسته‌ڕێ ده‌كه‌م و نوێژت بۆ ده‌كه‌م، كه به‌سه‌ر رەگی درەختی رەگ گەیشتووی ناو ئاوی پاراو بنیادتناوم. حەزم لە تەمەندرێژیی نییە، نیو سەدە زیاترە دەژیم. ئەوپەڕی ئاواتمە بچمە جیهانی خامۆشانەوە، ئه‌و جیهانه‌ی خۆت بانگهێشتم ده‌كه‌یت، به‌هه‌شت. له‌وێ ئه‌و حۆریانه‌ی له پاداشتی كرده‌وه‌كانم خه‌ڵاتم ده‌كه‌یت، تا پله‌ی شیعرییه‌ت به‌رزیان ده‌كه‌مه‌وه و به‌وپه‌ڕی رێزه‌وه ره‌تیان ده‌كه‌مه‌وه، داوای دیوانی شاعیره داهێنه‌ره‌كانت لێده‌كه‌م. له‌وێ هه‌موو زمانه‌كانی دنیا ده‌بنه یه‌ك زمان و ده‌یزانم، شیعری هه‌موو زمانه‌كانی پێ ده‌خوێنمه‌وه، ده‌ست له هه‌موو شتێك به‌رده‌ده‌م، مشوورخواردنی: ماڵ و منداڵ و كه‌سوكار و نه‌ته‌وه و مرۆڤایه‌تیشم نامێنێت تا پێیانه‌وه سه‌رقاڵبم و چاودێری بارودۆخ و جیهانیان بكه‌م. خۆم ته‌رخانده‌كه‌م بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعری بێگه‌رد، له شه‌ڕی چاودێریی مرۆڤه هه‌ڵبزڕكاو و ناخ گەچراوەكانیش رزگار ده‌بم.
ئه‌و یه‌كڕووییه‌ی كه خه‌سڵه‌تی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤی ئاشقه، خۆت هه‌ر له له‌دایكبوونمه‌وه رژاندووته هەستەكانمهوه، سوپاست ده‌كه‌م.
ئه‌ی خودا: من تۆم خۆشده‌وێ، قه‌تیش لێت نه‌ترساوم و لێشت نا‌ترسێم، كه گوێڕایه‌ڵتم: نه له‌پێناو پاداشتی به‌هه‌شته، نه له ترسی سزای دۆزه‌خه. ته‌نیا له خۆشه‌ویستی خۆته‌وه‌یه و به‌س.
كه له دنیادابوونێكی بچكۆله‌م هه‌یه قه‌رزاری شیعرم، ناوه‌ندی ژیانی منه و له‌و له‌دایكبووم. ئه‌ستێره‌ی رەنگاوڕهنگ ده‌بینم له هه‌موو شوێنێكدا به‌سه‌رمدا داده‌بارن. له‌سه‌ر زه‌مین ده‌بنه قه‌ڵا پاڵیان پێوه‌ده‌ده‌م. گوللەی دووكه‌ڵی مرۆڤه هه‌ڵبزڕكاو و ناخ گه‌چراوه‌كانیش وه‌ك فسی پێش ته‌نگاوبوون وایه.
5
هه‌ر ده‌قێكی جوانی شیعرییم خوێندبێته‌وه، توانایه‌ك له هێڵی به‌رزبوونه‌وه‌ی ناخمدا په‌یداده‌بێت، كه توانای دۆزینه‌وه و داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ژیانمی هه‌یه. قه‌ت ئاواتم نه‌خواستووه من نووسیبوومایه، زۆر به ڕاشكاوییه‌وه ناخی خۆم ڕاده‌گه‌یه‌نم: هه‌موو ده‌قێكی جوانی شیعری به هی خۆم ده‌زانم، ده‌چمه ناو كەژاوەی شانازییانه‌وه و بۆنی خه‌می یه‌كه‌م و هه‌سته‌كانیان ده‌كه‌م، ده‌ریام تێدا بزر ده‌بێت.



