رووداو دیجیتاڵ
لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا 181 خوێندکاری زانکۆی کۆبانێ لە کۆلێژ و پەیمانگە جیاوازەکان دەرچوون و بڕوانامەیان وەرگرت.
خوێندکارە دەرچووەکان لە چەندین پسپۆڕیی جیاوازدا بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، کە پێکهاتبوون لە بەشەکانی زمانەکانی کوردی و عەرەبی، مێژوو، کۆمەڵناسی، کیمیا، پەروەردە، جوگرافیا، زمانی ئینگلیزی، بایۆلۆجی، بیرکاری، پزیشکی، پەرستاری، تاقیگە، سڕکردن، دەرمانسازی، ژمێریاری، یاسا و کارگێڕی، مافناسی، کارەبا، کۆمپیوتەر و تەکنیک.
لەنێو ئاهەنگەکەدا و لە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشدا، بەشێک لە خوێندکاران لەسەر کڵاوی دەرچوونەکەیان نەخشەی کوردستان و دروشمی (دوو کۆ دوو دەکاتە یەک)ـیان نەخشاندبوو، هەروەها هەندێک لە خوێندکارەکانی دیکەش وێنەی شەهیدانیان لەسەر کڵاوەکانیان جێگیر کردبوو.
وەک وەفایەک بۆ گیانی بەختکراوانی شارەکە، دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمەکە، بەشێک لە خوێندکارە دەرچووەکان بە جلوبەرگی دەرچوونەوە چوونە سەر گۆڕستانی شەهیدانی کۆبانێ و رێزیان لە قوربانیدانی شەهیدان گرت.
