لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە بۆنەی رۆژی جیهانیی میوزیکەوە، کەرنەڤاڵی میوزیک وگۆرانی بۆ ژمارەیەک لە هونەرمەندان ساز کرا. کەرنەڤاڵەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێرەوە رێکخرابوو. سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "میوزیک زمانێکی جیهانییە، سنوورەکان دەبەزێنێت و دڵی مرۆڤەکان لێک نزیک دەکاتەوە." هاوکات وەزارەتی رۆشنبیری جەختی لە سیاسەتی خۆی کردەوە بۆ پشتیوانیکردنی زیاتری میوزیکژەنان، دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەرهەمهێنان، رەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجان و ناساندنی میوزیکی کوردی لە سەر ئاستی جیهان. لە کۆنسێرتەکەدا چەندین بەرهەمی نوێ پێشکەش کران، کە لە لایەن هونەرمەندان حەمە زیرەک، هندرین رۆژ، ئاشتی عەزیز و محەمەد عەباسەوە گوترانەوە. کاری سەرپەرشتی و ئامادەکردنی میوزیکی بەرهەمەکانیش لە لایەن سەرمەند فوئادەوە ئەنجام درابوو. لە ساڵی 1984 رێکخراوی یونسکو 1 ی مانگی 10ی وەک رۆژی جیهانی میوزیک دەستنیشانکرد و لە هەموو وڵاتان لەم رۆژەدا کەرنەڤاڵی موزیک وگۆرانی بەڕێوەدەچێت.