رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا لەسەر قەڵا دێرینەکەی هەولێر، رووداو دەستکەوتێکی مێژوویی بۆ کوردستان و میدیای کوردی راگەیاند.
بەهۆی ڤیدیۆیەکی رووداو کە لە کۆتاییەکانی مانگی تەممووز لە فەیسبووک بڵاوکرایەوە و زانیاریی ڤیدیۆکە بۆ جیهان پشتڕاستکرایەوە، ڤیدیۆکە نزیکەی نیو ملیار بینەری هەبوو.
تۆماری گینس ڤیدیۆکەیان وەرگرت و لێکۆڵینەوەیان لێکرد، بە رووداویان راگەیاند، ڤیدیۆکەتان بێ رکابەرە و لە تەواوی هەژمارەکانی فەیسبووک لە جیهاندا نەبووە، ڤیدیۆیەک لە 24 کاژێردا 284 ملیۆن بینەری هەبێت.
رووداو لە راگەیێندراوی بەدەستهێنانی تۆمارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەم تۆمارەی رووداو لە تۆمارە جیهانییەکانی گینس دا، رەهەندێکی دیکەی جیهانی دەبەخشێتە کارەکانی رووداو و دەیسەلمێنێت کە رووداو نەک تەنیا لەسەر ئاستی ناوچەکە پێشەنگە، بەڵکو دووپاتی توانای رووداو دەکاتەوە لەسەر رکابەریی لەسەر ئاستی میدیای جیهانی دا، هەروەها دەیسەلمێنێتەوە کە رووداو رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە راستکردنەوەی زانیارییەکان دا، وەک دامەزراوەیەکی خاوەن متمانەی ناوچەیی و جیهانی.
هەر لێرەشەوە رایدەگەیێنین رووداو بەهێزێکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت وەکو سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو، سەکۆی متمانەپێکراوی بەگژداچوونەوەی هەواڵی ناڕاست.
