رووداو دیجیتاڵ
شەوی 7ـی ئەیلوول لە ڤێنسی ئیتاڵیا تایبەت بوو، بۆ یەکەم جار بوو فیلمێکی سینەمایی کوردی بەتایبەت و بە رێوڕەسمێکی تایبەت فەرشی سووری بۆ رابخرێت.
فیلمەکە ناوی (بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت)ـە. هەڵکەوت مستەفا دەرهێنەرییەتی و ئاڤان جەمال و تۆربیۆن هار ئەکتەری سەرەکین تێیدا.
هەڵکەوت مستەفا بە رووداوی گوت، "من پێم وابێت ئەم بەرهەمە یەکێک دەبێت لە 10 کاریگەرترین بەرهەمەکان لە هەموو جیهان کە ئەم ساڵ بڵاوببێتەوە، هەموو دنیا چاوەڕێی بینینی ئەم فیلمە دەکات بەڕاستی."
لە کاتی فەرشی سووری فیلمەکە گۆرانی روومەتی وەک گوڵی بێگەرد، بە دەنگی کیژان ئیبراهیم خەیات لە هەموو بڵندگۆکانی فێستیڤاڵ بەرز دەبوونەوە.
جلوبەرگی کوردی و کەزیی کچانی کورد لەسەر فەرشی سووری ڤێنیس دەدرەوشانەوە.
فیلمەکە جگە لەم سەرکەوتنەی لە ئیتاڵیا، لە 22ـی ئەیلوول لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان دەست بە پێشاندانی دەکرێت و بەربژێری خەڵاتی ئۆسکاریشە.
