رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لەگەڵ لێدانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027، دەرگەی قوتابخانەکانی شوەیفاتی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بە تووی قوتابییاندا کرانەوە و بە جۆش و خرۆشێکی تایبەتەوە پێشوازی لە هەزاران قوتابی کرا.
لە یەکەم رۆژی خوێندندا، ستافی کارگێڕی و مامۆستایانی شوەیفات بە رێکخستنی چەندین چالاکیی جۆراوجۆری هونەری، موزیک و نمایش، پێشوازییان لە قوتابییە کۆن و نوێیەکان کرد. ئامانج لەم پێشوازییە گەرمە، دروستکردنی کەشێکی پڕ لە وزە و هاندانی قوتابییان بوو بۆ ئەوەی بە پەرۆشییەوە بچنەوە نێو پۆلەکانی خوێندن.
قوتابخانەکانی شوەیفات کە بە پەیڕەوکردنی سیستمی جیهانیی سابیس (SABIS) دەناسرێنەوە، لە عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی 9 لقی سەرەکین.
ئەم قوتابخانانە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، بەغدا و بەسرە خزمەتگوزارییەکی پەروەردەیی ئاستبەرز پێشکەشی قوتابییان دەکەن.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، بۆ ساڵی نوێی خوێندن زیاتر لە 862 قوتابی نوێ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە
شوەیفات ناویان تۆمار کردووە. لەو ژمارەیەش پشکی شێری بەر شاری هەولێر کەوتووە، کە تێیدا زیاتر لە 500 قوتابی نوێ وەرگیراون و ئەمڕۆ یەکەم رۆژی وانەخوێندنیان بوو.
ژمارەی گشتیی قوتابییان ئێستا لە سەرجەم لقەکانی قوتابخانەی شوەیفات لە عێراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 7000 قوتابی لە قۆناخی دایەنگەوە تاوەکو پۆلی 12 (ئامادەیی) سەرقاڵی خوێندنن، کە ساڵانە بەهۆی کوالێتیی خوێندنەکەیەوە روو لە زیادبوون دەکات.
