رووداو دیجیتاڵ لە هەولێر، 16ـەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بیناسازی دەرگاکانی بەڕووی کۆمپانیاکانی جیهاندا واڵا کردووە. لە کاتێکدا ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، زیاتر لە 400 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیاوازەوە هاتوونەتە ئێرە تاوەکو دوایین تەکنەلۆجیای بیناسازی نیشان بدەن. بەڵام ئەوەی ئەمساڵ جیاوازە، دەنگی بەهێزی کارگە ناوخۆییەکانی کوردستانە کە ڕکابەری براندە جیهانییەکان دەکەن. ئەو پیشەسازییانەی جاران تەنیا هاوردە دەکران، ئێستا لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن. کۆمپانیا نێوخۆییەکان توانیویانە تێچووی پڕۆژەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە بێ ئەوەی دەستبەرداری کواڵیتی بن. مێژووی کارگە نێوخۆییەکان بۆ سەرەتای نەوەتەکان دەگەڕێتەوە، ئێستا گەورەترین پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون متمانە بە "دەستی ناوخۆ" دەکەن. ئامارەکان دەڵێن، بەرهەمی ناوخۆ نەک تەنیا خێراتر دەگاتە دەست، بەڵکو پارەیەکی زۆریش بۆ وەبەرهێنەر دەگەڕێنێتەوە. جگە لە پیشەسازی قورس، تەکنەلۆجیای دیجیتاڵیش هاتووەتە ناو کایەکەوە. ئەپلیکەیشنی وەک "بینا بازاڕ" زیاتر لە 12 هەزار کەرەستەی بیناسازی و 35 براندی گەورەی لەژێر یەک چەتردا کۆکردووەتەوە. بەڵام ئەم گەشەسەندنە بێ ئاستەنگ نییە؛ گومرگی نێوان شارەکان و نەبوونی زەوی پیشەسازی گەورە، دوو بەربەستی سەرەکین. کارگە ناوخۆییەکان دەڵێن، ئامادەن لە گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا رۆڵ ببینن، بەڵام چاویان لە پاڵپشتیی حکومەتە تاوەکو "خێر بۆ خۆیان بێت نەک بۆ بێگانە".