رووداو دیجیتاڵ
مەولوودی ئەم ساڵی هەولێر وەک ساڵانی پێشوو نەبوو، وەکو لە وێنەکاندا دیارە ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی پێشوو شەقامەکانی هەولێر بۆ یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) چۆڵتر دەردەکەوتن.
بەشێک لە بەشداربووانی مەولوود لە هەولێر هۆکارەکەیان بۆ ئەو بارودۆخە گێڕایەوە کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، بەتایبەتی کێشەی مووچە، گرانیی بەنزین و ناجێگیریی دۆخی سیاسیی ناوچەکە.
عەلی ئیدریس، یەکێک لەو کەسانەی چووبووە بەردەم قەڵای هەولێر باسی لە دۆخەکە کرد و گوتی، "ماوەی چەندین ساڵە هەموو ساڵێک دێمە یادی مەولوود، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. کێشەی مووچە، گرانی، نەبوونی بەنزین و دۆخی ناجێگیری سیاسی وای کردووە خەڵک وەک پێشتر ئەو گەرموگوڕییەی نەمێنێت."
ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەش کرد، پێشتر کرێی هاتن لە دوورترین شوێنی هەولێرەوە بۆ بەردەم قەڵا 4000 تاوەکو 5000 دینار بووە، بەڵام ئێستا لە دەرەوەی شەقامی 60 مەترییەوە بۆ ناو بازاڕ لە 8000 دینار کەمتر نییە؛ جگە لەوەش، بێ مووچەیی وای کردووە خەڵک نەتوانێت وەک پێشوو بەشدار بێت، چونکە رووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە بوونەتەوە.
