رووداو دیجیتاڵ
چیرۆکی بەشار جۆرج یەعقووبتان بۆ دەگێڕمەوە، کریستیانێکی شاری قامشلۆیە لەنێو مردووەکاندا ئارامیی دۆزیوەتەوە.
لە دووسایدێک بووین، لای راستم قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بوو، لای چەپیشم نوسێبینی باکووری کوردستان بوو. ئاوڕێکمان دایەوە و گۆڕستانێکی کریستیانەکانمان بینی کە مێژووەکەی نزیکەی 100 ساڵ دەبوو.
لەگەڵ هاوکارم، فازڵ هەورامی، بەڕێوەبەری دیسکی ئینگلیزیی رووداو، بڕیارمان دا سەردانی گۆڕستانەکە بکەین.
گۆڕستانەکە دوو دەرگای هەبوو، یەکێکیان بچووک و ئەوی دیکەیان گەورە، داخرابوون. لە دەرگای گەورەکامان دا کەس دەرگا گەورەکەی نەکردەوە، لە دەرگا بچووکەکەمان دا. گەنجێکی باڵابەرزی ریش درێژی تەمەن 48 ساڵان بە ناوی بەشار، دەرگای بۆ کردینەوە. سەرەتا نەیدەزانی بۆچی هاتووین. کاتێک دەستمان کرد بە پرسیارکردن، خۆمان پێناساند و زانی رۆژنامەڤانین.
کاتێک سەیری بەشارم کرد، پیاوێکم بینی کە "دەروونی پڕ و زمانی لاڵ" بوو، چاوەکانی پڕ بوون لە بێهیوایی و خەم. کەسێکی کەم دوو و لەسەرخۆ بوو، لە رووخساری دیار بوو کە ژیان ماندوو و شەکەتی کردووە و لەگەڵ هەر قومێکی جگەرەکەی، لە هەزاران خۆزگە و هیوا بێ ئومێد دەبوو و هەزاران یادگاریش ئازاریان دەدا.
پرسیارمان لێ کرد، هۆکار چییە ئەوەندە ساڵە لە بەیانییەوە تاوەکو ئێوارە دێیتە ئەم گۆڕستانە و رۆژەکانت لێرە بەسەر دەبەیت؟ تۆزێک وەستا، دواتر بە ئاهێکی سارد و دەنگێکی نزمەوە گوتی، "ئەوەندەی لەگەڵ مردووەکان ئاسوودەم، لەگەڵ زیندووەکان ئاسوودە نیم. کاتێک دێمە ئەم گۆڕستانە، ئارام دەبمەوە."
بەشار، زیاتر لە 20 ساڵە رۆژانە سەردانی ئەو گۆڕستانە دەکات و چاودێریی گۆڕی دایک و باوک و برایەکی دەکات. کاتەکانی لەگەڵ چەند قەل و مریشکێک و سەگێکدا بەسەر دەبات. ئەو سوود لە هێلکەی پەلەوەرەکانی نابینێت، چونکە بە نیازی بازرگانی بەخێویان ناکات. بۆیە پەلەوەرەکان لە ژێر کێلی گۆڕە کۆنەکاندا هێلکە دەکەن و زیاد دەکەن.
بەشار، ئەو کاتانە پارە پەیدا دەکات کە خێزانێک مردوویەکیان هەبێت و داوای لێبکەن گۆڕیان بۆ هەڵکەنێت یان چاکی بکاتەوە. ئەو نیگەران بوو لەوەی کە خەڵک خەریکە ئازیزانیان لەبیر دەکەن و گوتی: "ئێستا وای لێهاتووە کەس نایەوێت گۆڕی کەسوکاری نۆژەن بکاتەوە، مردووەکانیان لەبیر کردووە."
بەشار چیرۆکی هاوڕێیەکی خۆی بۆ گێڕاینەوە و باسی لەوە کرد، نزیکترین هاوڕێی، مایکڵ شێلمۆن، لە شەڕی دژی داعشدا لەدەستداوە. مایکڵ، ئەندامی هەدەسە بوو و لە کاتی هێرشەکەی داعش بۆ سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە لە ساڵی 2022 کوژرا. بەشار گوتی، "مایکڵ پێی وابوو داعش تەنیا دووژمنی کورد نییە، بەڵکو مەترسییە بۆ کریستیانەکانیش."
یەک رۆژ پێش ئەوەی بچێتە بەرەکانی جەنگ، مایکڵ شوێنی گۆڕەکەی خۆی لە گۆڕستانەکە هەڵبژاردبوو و وەسیەتی بۆ بەشار کردبوو، ئەگەر شەهید بوو، لەوێ بینێژن.
بەشار باسی رابردووی سووریای کرد: "پێشتر خۆشەویستی هەبوو، جیاوازیی ئایینی نەبوو، دراوسێکەت وەک برا سەیری دەکردی. بەڵام ئێستا خۆشەویستی نەماوە و ئاژاوە و رق لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست بووە." هەرچەندە زۆر شوێن گەڕاوە، وەک دیمەشق (شام)، بەڵام دەڵێت هیچ شوێنێک وەک ئێرە (قامشلۆ) ئارام نییە بۆ ئەو. حەز دەکات بگەڕێتەوە شام، بەڵام دەترسێت.
سەبارەت بە دۆخی کریستیانەکانیش لە سووریا، بەشار پێی وابوو بەشێکی زۆریان بۆ دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە، بەڵام ئەوەی ئەو دەیبینێت، کریستیانەکان لە ناوچە کوردییەکان و لەژێر دەسەڵاتی کورددا هەست بە ئارامی و سەلامەتیی زیاتر دەکەن.
