رووداو دیجیتاڵ بۆ کارێکی تایبەتی رۆژنامەڤانی سەردانی رۆژئاڤای کوردستانمان کرد. بەیانییەکی زوو، کاتێک بۆ نانخواردنی بەیانی لەگەڵ هاوکارەکانم چوومە نهۆمی 10یەمی هۆتێلەکەم کە بەسەر شاری قامشلۆ دا دەیڕوانی، دیمەنێک سەرنجی راکێشام. بینیم سەربانی ماڵەکانی شاری قامشلۆ، بە پانێلی وزەی خۆر دەبریسکێنەوە. پێش ئەوەی هیچ پرسیارێک بکەم، بەپەلە کامێراکەمم دەرھێنا و چەند وێنەیەکم چرکاند، بۆ تۆمارکردنی ئەم گۆڕانکارییە لە سیمای شارەکەدا. دوای ئەوە، بۆ تێگەیشتنی زیاتر ، گوزەرێکم بەنێو بازاڕی قەرەباڵخی شارەکەدا کرد و دەستم بە پرسیارکردن کرد کە بۆچی زۆربەی شوێنەکانی شارەکە روویان لە وزەی خۆر کردووە. لە گەنجێکی شارەکەم پرسی کە ناوی ئالان رێزان بوو، ئەویش بە روویەکی گەشەوە وەڵامی دامەوە و پێیگوتم: "مەگەر خۆت نایبینی؟ شارەکە پڕ بووە لە وایەری ئاڵۆز و دووکەڵی زیانبەخشی موەلیدەکان. لە هەموو شوێنێک گوێت لە دەنگی بەرزی موەلیدەکان دەبێت کە ئارامییان بۆ نەهێشتووین." ئالان گلەیی و گازندەی لە گرانیی نرخی موەلیدەکان کرد و گوتی نرخی ئەمپێرێکی 24 کاژێری لە نێوان 20 بۆ 25 دۆلارە، ئەوەش بارگرانییەکی زۆرە لەسەر شانی هاونیشتمانیان و ئەو گرانییە وایکردووە خەڵک بە لێشاو روو لە کڕینی پانێلی وزەی خۆر بکەن. لە شارەکە بەدوای وێنە و چیرۆکی جیاوازدا دەگەڕام، موەلیدەیەکی گەورەم لەسەر شەقام بینی کە هێشتا کاری دەکرد. چوومە ژوورەوە و خاوەنەکەی لێبوو کە ناوی محەممەد مەروان بوو. کاتێک لێم پرسی: "ئایا زۆربوونی پانێلی وزەی خۆر کاریگەریی لەسەر کارەکەتان کردووە؟ گوتی: "بەڵێ، کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەبووە. تەنیا لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، خواست لەسەر کارەبای موەلیدەکەم لە 1300 ئەمپێرەوە بۆ نزیکەی 300 ئەمپێر کەمیکردووە." ئەمەش نیشانەی گۆڕانکارییەکی خێرایە. ئەوەی لە وێنەکان بە روونی دیارە، ئەوەیە کە شاری قامشلۆ بە تەواوی رووی لە وزەی خۆر کردووە. ئەم دیاردەیە تەنیا ماڵان ناگرێتەوە، بەڵکو لە گەراجی ئۆتۆمبێلەوە بگرە تاوەکو کەرتی کشتوکاڵ بۆ کارپێکردنی بیری ئاو، چێشتخانەکان بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام و تەنانەت رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سڤیل، هەموویان پانێلی وزەی خۆریان بەستووە وەک سەرچاوەیەکی وزەی پاک و بەردەست.