رووداو دیجیتاڵ
بڵند تاهیر
ئەمڕۆ دووشەممە 09-08-2026 بوولتەنی ئابووریی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، لە گوندی ناوەندە لە بناری چیای هەڵگورد لە دەڤەری باڵەکایەتی پێشکێش کرا، بوولتەنەکە دوو کاژێری تەواو تەرخان کرا بۆ خەیاری بەنێوبانگی ناوچەکە و بەرهەمەکانی دیکەی جووتیاران.
محەممەد شێخ فاتیح لەم بوولتەنەیدا تەنیا وەک پێشکێشکارێکی ئابووری دەرنەکەوت، بەڵکو بانگەوازی هاوکاریی راگەیاند و پەیامێکی ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵ و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد. هەروەها داوای لە خاوەنی زنجیرە مارکێتەکان کرد کە بەرهەمە خۆماڵییەکانی ناوچەکە لە مارکێتەکانیاندا بفرۆشن، بۆئەوەی بازاڕی ناوخۆیی گەشە بکات.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بوولتەنەکەدا راستەوخۆ گوێی لە داواکاریی جووتیارانی ناوچەکە گرت و چەند بەڵێنێکیشی پێدان.
هەروەها خاوەنی زنجیرە مارکێتەکانی "تیم مارت" هاتە سەر هێڵ و وەڵامی داواکارییەکەی محەممەد شێخ فاتیحی پێشکێشکاری رووداوی دایەوە، هاوکات بەڵێنی کڕینی بەرهەمەکانی ناوچەکەی دا بۆ فرۆشتنیان لە زنجیرە مارکێتەکانیدا.
