رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ 40 رۆژ بەسەر مەرگی هاوکاری کۆچکردوومان هەڵکەوت عەزیز تێدەپەڕێت. 40 رۆژە کوردستان و رووداو، ئازیزێکیان لەدەستداوە.
بەو بۆنەیەوە، لە کەرکووک رێوڕەسمێکی تایبەت بۆ چلەی ماتەمینی هەڵکەوت عەزیز رێکخرا. کەسوکار، هاوکار و هاوڕێیانی هەڵکەوت، رۆژنامەڤانان، هەروەها رێبوار تەها، جێگری یەکەمی پارێزگاری کەرکووک و دەیان کەسی دیکە لە رێوڕەسمەکە ئامادە بوون.
جێگری پارێزگاری کەرکووک لە گوتارێکدا رایگەیاند، وەک رێزێک بۆ کار و خزمەتەکانی ئەو رۆژنامەڤانە، قوتابخانەیەک لە شاری کەرکووک بە ناوی (هەڵکەوت عەزیز)ەوە دەکرێت.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، دوای ئەوەی 8-6-2026 لە رێگەی بەغدا - بەسرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
هەڵکەوت عەزیز، لە 20ـی کانوونی یەکەمی 2015ـەوە دەستی بە کارکردن لە تۆڕی میدیایی رووداو کردبوو، بەهۆی چالاکی و راستگۆیی لە کارەکەیدا، جێگەی متمانەی بینەران بوو.
