چاخانەی هونەرمەند عوسمان هەورامی لە ناحیەی بیارەی هەورەمانە، ئەو چاخانەیە بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە کەوتووەتە کۆتا خاڵی سنووری نێوان باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەو شوێنە گەشتیارییە رۆژانە لە کاژێر 07:00ـی بەیانی تاوەکو 12:00ـی شەو بە رووی میوانان دا کراوەیە. ئەوەی سیمایەکی تایبەتی بە چاخانەکە بەخشیوە، سەنگەر مەنسوورە کە گەنجێکی خەڵکی بیارەیە و لەگەڵ خێزانەکەی پێکەوە کارەکانی چاخانەکە بەڕێوەدەبەن.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم چاخانەیە ئەوەیە کە بە دەنگی گۆرانییە فۆلکلۆرییە کوردییەکان و بەتایبەت شێوازە رەسەنەکەی هەورامی، پێشوازی لە میوانان و گەشتیاران دەکرێت، ئەمەش کەشێکی ئارام و پڕ لە کولتوور بە شوێنەکە دەبەخشێت.
بەهۆی ناوبانگی شوێنەکە و دڵڕفێنیی سروشتی هەورەمان، چاخانەکە بووەتە وێستگەیەک کە تەنیا خەڵکی ناوچەکە رووی تێنەکەن، بەڵکو گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و تەنانەت گەشتیارانی بیانیش بەردەوام سەردانی دەکەن. بۆ ئاسانکاریی میوانانیش کە لە هەردوو دیوی سنوورەوە دێن، لە چاخانەکە دا هەم دیناری عێراقی و هەم تمەنی ئێرانی بۆ مامەڵەکردن وەردەگیرێت.
سەنگەر مەنسوور، خاوەنی چاخانەکە، وەک وەفایەک و دەربڕینی خۆشەویستی بۆ هونەرمەندی گەورەی کورد، عوسمان هەورامی، ئەم ناوەی بۆ چاخانەکەی هەڵبژاردووە.
وێنە: نووری ماونی - رووداو

