رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، پیشەیەکی 700 ساڵەی رەنگڕێژیی بەن، کە بە "خومکاری" ناسراوە، مەترسیی نەمانی لەسەرە.
تاکە خومخانەی شارەکە کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، لەلایەن وەستایەکی بەتەمەنەوە بەڕێوەدەبرێت کە 65 ساڵە ژیانی بۆ ئەم کارە تەرخانکردووە و ئێستا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی پیشەسازیی نوێ بووەتەوە.
محەممەد عەلی ئیلانپوور، کە وەستای خومکارە، لە تەمەنی 15 ساڵییەوە دەستی بەم کارە کردووە. ئەو دەڵێت، "نزیکەی 65 ساڵە لەسەری بەردەوامم. پیشەکە خەریکە لەنێودەچێت و بەرەو لەبیرچوونەوە دەڕوات. ئەم پیشەیە 700 ساڵ مێژووی هەیە و نابێ رێگە بدرێت لەنێوبچێت."
بەهۆی قورسیی کارەکە و کەمبوونەوەی خواست لەسەری، ئێستا کەسانی کەم ئامادەن لەم بوارەدا کار بکەن. پێدەچێت پیدرامی کوڕی وەستا محەممەد، تاکە میراتگری ئەم پیشەیە بێت.
پێدرام ئیلانپوور، دەڵێت، "دەتوانم بڵێم پێنج بۆ شەش کەس لە هەموو ئێران هەن وەکو باوکم خومکاری دەکەن." ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجی تەنیا کارکردن و پارە پەیداکردن نییە، بەڵکو پاراستنی ئەو هونەر و میراتە رەسەنەیە.
سنە، کە بە یەکێک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی فەرشی دەستچنی کوردی ناسراوە، بەهۆی زیادبوونی ئامێرەکانی فەرشچنینەوە خواست لەسەر بەنی رەنگکراوی خومخانەکان کەمبووەتەوە. وەستا محەممەد دەڵێت، "پێشتر خەڵک لە ماڵەوە فەرشیان دەچنی و وەکو پاشەکەوتێک دایاندەنا، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوە."
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەندێک فەرشچن هەن کە سوورن لەسەر بەکارهێنانی بەنی خۆماڵی و رەنگی رووەکی. پەرەنگ وەکێڵی، کە فەرشچنە، دەڵێت، "هەرچەند نرخەکەی چەند هێندە گرانتر دەکەوێت، بەڵام ئێمە بەنەکانمان لە خوریی خۆماڵی دەڕێسین و لە سنە رەنگی دەکەین."
بۆ ئەوەی لەگەڵ بازاڕی نوێدا خۆی بگونجێنێت، وەستا محەممەد ژمارەی رەنگەکانی لە 12 رەنگەوە بۆ زیاتر لە 80 رەنگی جیاواز زیادکردووە.
پارێزگای سنە دوو براندی جیهانیی فەرشی هەن کە بە "فەرشی هەوشار" و "فەرشی سنە" ناسراون. ئێستا وەستا محەممەد هەموو هیوایەکی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی فەرشی شارەکەی هەڵچنیوە، بۆ ئەوەی پیشە دێرینەکەی لە لەنێوچوون بپارێزێت.
