رووداو دیجیتاڵ موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتەنیاهوو خاوەنی یەک پڕۆژەی هاوبەشن، بەڵام هەنگاوەکانی چەند مانگی رابردووی ئێران سەلماندی کە ئەو دوو سەرکردەیە ناتوانن پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. رەزایی لە هەڤپەیڤینێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بنەماکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ناوچەکە هاوتەریبن و گوتی: "ئەوان پێیان وایە ئەگەر بڕیار بێت سیستمێکی نوێ بسەپێنن، دەبێت بە ناچاری ئێران لەناو ببەن." فەرماندەکەی پێشووی سوپای پاسداران باسی لەوە کرد کە تاوەکو ئێران بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێت، گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە ئەستەمە. موحسین رەزایی ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکان بۆ سەر غەززە، لوبنان و سووریا، تەنیا سەرەتایەک بوون بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکەیان کە گرتنی ئێرانە. ئەو کەسایەتییە ئێرانییە باسی لەوە کرد کە بەرژەوەندییەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ لە دوو خاڵدا یەک دەگرنەوە: "نەوت و خاک". رەزایی گوتی، ئیسرائیل بەدوای داگیرکردنی خاکی زیاترەوەیە لە باشووری سووریا، باشووری لوبنان و بەشێک لە ئوردن و عێراق، بەڵام دۆناڵد ترەمپ بە پلەی یەکەم بەدوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی نەوت و گازی ئێران، کەنداو و قەوقازەوەیە. رەزایی هەنگاوەکانی ترەمپی بە هەنگاوەکانی تایبەت بە دۆخی ڤەنزوێلا چواند و گوتی: "ترەمپ بۆیە چووە ڤەنزوێلا، چونکە تەنیا چاوی لە نەوتەکەی بوو." موحسین رەزایی باسی لەوە کرد کە ئێران سەلماندوویەتی رێگە بە جێبەجێکردنی ئەم پلانە نادات و داوای کرد کە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان یەکێتییەک پێکبهێنن بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی جیهانی و گوتی: "پێکەوە دەتوانین بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان ئاشتی بچەسپێنین."