رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە رایگەیاند، کۆی گشتیی حاجیانی ئەم ساڵ گەیشتووەتە ملیۆنێک و 707 هەزار و 301 حاجی، کە زۆرینەیان لە دەرەوەی شانشینی سعودیەوە هاتوون.
رۆژی سێشەممە 26ـی ئایاری 2026، دەستەی گشتیی ئاماری سعودیە، ئاماری فەرمیی حەجی ساڵی (1447ی کۆچی - 2026ی زایینی) بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەو ژمارە گشتییە، ملیۆنێک و 546 هەزار و 655 حاجی لە دەرەوەی وڵات و لە رێگەی دەروازە جیاوازەکانەوە گەیشتوونەتە وڵاتەکە، لە کاتێکدا ژمارەی حاجییانی نێوخۆی سعودیە 160 هەزار و 646 حاجی بووە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لەنێو کۆی گشتیی حاجییانی ناوخۆ و دەرەوە، 893 هەزار و 396 حاجییان لە رەگەزی نێر و 813 هەزار و 905 حاجییان لە رەگەزی مێ بوون.
بە گوێرەی دەستەی ئاماری سعودیە، رێگەکانی گەیشتنی حاجیانی دەرەوەی وڵات بۆ نێو خاکی سعودیە، بەم شێوەیە بووە:
- ملیۆنێک و 485 هەزار و 729 حاجی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە گەیشتوون.
- 54 هەزار و 429 حاجی لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە هاتوون.
- 6 هەزار و 497 حاجی لە رێگەی دەریاوە گەیشتوون.
حاجییانی عێراق نزیکەی 43 هەزار کەسن، لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و 122 کەسیان لە هەرێمی کوردستانن.
دەستەی گشتیی ئامار ئاماژەی بەوە کردووە، لە دەرهێنانی ئەم داتا و ئامارەدا پشتیان بە تۆمارە کارگێڕییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بەستووە وەک سەرچاوەی سەرەکی، ئەوەش لەپێناو دابینکردنی زانیاریی ورد و جێی متمانە، کە ئەمە پەیڕەوی شەش ساڵی رابردووی دەستەکەیە بۆ سەرژمێریی حاجیان.
