رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی ئێران خشتەیەکی نوێی بۆ کاتەکانی خوێندن لە ئەپڵیکەیشنی "شاد" راگەیاند. بەپێی خشتەکە، کاتەکانی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکە بەسەر قۆناخە جیاوازەکانی خوێندندا دابەشکراون.
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، کاتی ئامادەبوونی قوتابیان لە ئەپڵیکەیشنی "شاد" بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
کاژێر 07:00 تاوەکو 10:00: تایبەت دەبێت بە قوتابیانی قۆناخی ئامادەیی (خولی دووەمی ناوەندی).
کاژێر 10:00 تاوەکو 01:00: تایبەت دەبێت بە قوتابیانی قۆناخی ناوەندی (خولی یەکەمی ناوەندی).
کاژێر 01:00 تاوەکو 03:00: تایبەت دەبێت بە قوتابیانی خولی دووەمی سەرەتایی (پۆلەکانی چوارەم، پێنجەم و شەشەم).
کاژێر 03:00 تاوەکو 05:00: تایبەت دەبێت بە قوتابیانی خولی یەکەمی سەرەتایی (پۆلەکانی یەکەم، دووەم و سێیەم).
وەزارەتی پەروەردەی ئێران دەڵێت، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئۆنلاین و کەمکردنەوەی گوشارە لەسەر سێرڤەرەکانی ئەپڵیکەیشنەکە، تاوەکو قوتابیان بتوانن بە شێوەیەکی باشتر سوود لە وانەکان وەربگرن.
عەلیڕەزا کازمی، وەزیری پەروەردەی ئێران رایگەیاند، خوێندن تاوەکو 18ی ئادار بە شێوەی ئۆنلاین و لە رێگەی تۆڕی "شاد" و "قوتابخانەی تەلەفزیۆنی"ـیەوە بەردەوام دەبێت.
وەزیری پەروەردە دەڵێت، "لەو بارودۆخەدا باشترین کار کە بیکەین، بەردەوامبوونی خوێندنە بە ئۆنلاین."



