رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە 8ـی ئادار، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لەسەر تاران کەمتربوون بەراورد بە رۆژانی پێشتر، بەڵام ژێرخانی وزە و سووتەمەنیی ئێران کرایە ئامانج. قەرارگەی (خاتەمولئەنبیا)ـی ئێران دەڵێت، هێرشکردنە سەر ژێرخانی وزەی ئێران بەردەوامبێ، ئەوانیش ژێرخانی وزە لە وڵاتانی دیکە دەکەنە ئامانج، بەوەش نرخی نەوت زۆر بەرز دەبێتەوە.
لە نۆیەم رۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، لەنێو شاری تاران و دەوروبەری، ژمارەیەک ئامانجی سەربازی، بە فڕۆکە و مووشەک بۆردوومان کران، بەڵام سەرنجی هێرشەکان زیاتر لەسەر کەرتی وزە، کۆگەکانی نەوت و سووتەمەنی بوو.
هێرشکردنە سەر کەرتی وزەی ئێران
شەوی شەممە و بەرەبەیانی یەکشەممە فڕۆکەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر کۆگەکانی سووتەمەنی و هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و گازی ئێران.
شەوی شەممە کۆگەکانی نەوت لە باشووری تاران و بەرەبەیانی یەکشەممەش، پاڵاوگەیەک و کۆگەی نەوتی (ئەقدەسییە) لە رۆژهەڵاتی تاران، کۆگەی نەوتی (شەهران) لە رۆژئاوای تاران و کۆگەی نەوتی فەردیس لە کەرەج کرانە ئامانج. ئێوارەی یەکشەممەش، کۆگەی سووتەمەنی لە فڕۆکەخانەی دوورگەی قیشم لە باشووری ئێرانیش بۆردوومان کرا.
جێگری پارێزگاری ئەلبورز رایگەیاند، لە هێرشەکەی کەرەج دا شەش کەس کوژراون و 21 کەس برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەند کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنیی سەر بە سوپای پاسدارانی کردووەتە ئامانج. هەروەها رایگەیاند ئامانجە بۆردوومانکراوەکان شوێنی دابینکردنی سووتەمەنی بوون بۆ دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران.
کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران پشتڕاستیکردووەتەوە، کۆگەکانی نەوت لە پارێزگاکانی تاران و کەرەج و بۆڕییەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی لەو وڵاتە کراونەتە ئامانج و زیانیان بەرکەوتووە. راشیگەیاندووە، لە هێرشەکاندا چوار فەرمانبەری وەزارەتی نەوت کوژراون.
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، ئامانج لە کردنە ئامانجی ژێرخانی وزە و کۆگەکانی سووتەمەنیی ئێران ئەوەیە "خەڵک تووشی کێشە بکرێن"، بەڵام رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی کێشەی کەمیی سووتەمەنی روونەدات.
گوتەبێژی قەرارگەی (خاتەمولئەنبیا)ـی ئێرانیش رایگەیاند "ئەگەر رێ لە هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران نەگیرێت، ئەوانیش هێرشی هاوشێوە دەکەن". ئیبراهیم زولفەقاری دەڵێت، ئەگەر هێرشی هاوشێوە بکەن، نرخی بەرمیلێک نەوت دەگاتە سەرووی 200 دۆلار.
بەپێی سەرچاوە ئەمریکییەکان، ئەمریکا ناڕازییە لەو هێرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر شوێن و دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران. ماڵپەڕی ئێکسیۆس بڵاویکردەوە کە ئەمریکا وایزانیوە کە ئیسرائیل بەشێوەیەکی سیمبوولی ژێرخانی نەوتیی ئێران بۆمباباران دەکات ، نەک بەوشێوە فرەوانە . هەر بۆ ئەم مەبەستەش جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف سەردانی ئیسرائیل دەکەن .
بەردەوامبوونی هێرشکردنە سەر بنکە ئەمنی و سەربازییەکان
رۆژی یەکشەممە، لەنێو شاری ئیسفەهان، هێرشکرایە سەر چەند شوێنێک، لە نێویاندا (سەربازگەی 22ـی بەهمەن)ـی سوپای پاسداران لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری ئیسفەهان، بنکەیەکی پۆلیس و چەند شوێنێکی دیکە.
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، لە فڕۆکەخانەی ئیسفەهان ژمارەیەک فڕۆکەی شەڕی ئێف 14ـی ئێرانی بۆردوومانکردووە.
لە شاری نەجەف ئابادی پارێزگای ئیسفەهانیش، ناوەندی فەرماندەیی رێکخراوی هەواڵگریی سوپای پاسداران، فەرماندەیی پۆلیس و دوو سەربازگەی (عاشورا و ئیمام عەلی)ـی سوپای پاسداران بۆردوومان کران. جێگری پارێزگاری ئیسفەهان رایگەیاند، 19 کەس لە شاری نەجەف ئاباد کوژراون و ژمارەیەکی زیاتریش برینداربوون.
بەرەبەیانی یەکشەممەش، لە پێنج کیلۆمەتریی شاری بێهبەهان لە پارێزگای ئیسفەهان، ئامانجێک لەنێو شارۆچکەی پیشەسازیی (وەحدەت) بۆردوومان کرا. چەند کەس لە دانیشتووانی بێهبەهان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویانکردووەتەوە، "سوپای پاسداران بنکەیەکی هەڵدانی مووشەکی لەو شارۆچکە پیشەسازییە داناوە و ئەوێ بۆردوومان کراوە".
هەروەها لەنێو شارەکانی (فلاوەرجان، فولادشەهر و شاهینشەهر)ی ئیسفەهان، بنکەکانی سوپای پاسداران و پۆلیس بۆردوومان کران.
پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە بەرزاییەکانی دەوروبەری شاری یەزد کە بە شاخەکانی پشت (پارکی کوهێستان) ناسراوە، بۆ چەندەمین جار لە رۆژانی رابردوودا بۆردوومان کرایەوە. لەو بەرزاییانە، بنکەیەکی سەربازی و مووشەکیی سوپای پاسداران کە لەو شوێنەیە، بۆردوومان کراوە.
لە گەڕەکی (زەنبیل ئابادی) شاری قوم، بنکەیی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتیی ئیتلاعاتی پارێزگای قوم و بۆردوومان کرا. هەروەها هێرشکرایە سەر رێکخراوی ئیتلاعات (هەواڵگری)ـی سوپای پاسدارانیش لە شاری قوم.
مورتەزا حەیدەری، جێگری پارێزگاری قوم بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی دەڵێت، لە گەڕەکەکانی (زەنبیلئاباد، شەهرەکی شەهاب و سەفاییە) چەند شوێن بۆردوومان کراون.
لە شاری زەنجانیش، هێرشکرایە سەر دوو باڵەخانەی حکومی و بەپێی راپۆرتی ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەو شارەدا 8 کەس کوژراون.
لە کاژێر 4ی دوانیوەڕۆی یەکشەممە، چەند ئامانج لەنێو شاری ئەهوازی پارێزگای خوزستان بە مووشەک بۆردوومان کران. تاوەکو ئێستا بۆردوومانکردنی دوو بنکەی سەرەکیی پۆلیس، سەربازگەی هێزی زەوینیی ئەرتەش و هەروەها ئامانجێک لە (شەقامی وەهابی) لە گەڕەکی کیانپارس پشتڕاستکراونەتەوە.
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، زیاتر لە 400 ئامانجیان لە رۆژئاوا و ناوەندی ئێران بۆردوومان کردووە. رۆژئاوای ئێران دەبێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای خوزستان. ناوەندی هێزی بۆشایی ئاسمانی سوپای پاسداران، 50 کۆگەی تەقەمەنیی هێزەکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران، ژمارەیەک بنکەی پۆلیس و پەناگەکانی هێزی پیادەی سوپای پاسدارانیان کردووەتە ئامانج. سوپای ئیسرائیل هەروەها دەڵێت، رۆژی شەممە لە تاران ئەبولقاسم بابائییان، بەرپرسی نووسینگەی سەربازیی رێبەر و سەرۆکی ناوەندی فەرماندەیی (خاتەمولئەنبیا)ـی ئێرانیان کوشتووە.



.jpg&w=3840&q=75)