Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Article hero image
سۆران بەهائەددین

بڵاوکراوەتەوە لەلایەن

سۆران بەهائەددین
26-03-2025
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست26-03-2025

وێنە؛ زانکۆ و مزگەوتە هەزار ساڵییەکەی ئەزهەر

0:00
0:00
قەبارەی دەق

رووداو دیجیتاڵ 

کاتێک دەچیتە نێو مزگەوتە دێرینەکەی قاهیرە، مزگەوتی ئەزهەر، دوای تێڕامان لە بینا و منارە و بەرد و دیوار و تەلارسازییەکەی، هەنگاوێک دەچیتە نێو حەوشە و میحرابەکەیەوە، بە سەدان خوێندکار دەبینی، خەریکی خوێندنی وانەکانیانن، بەشێک گوێیان بۆ ئیمام راگرتووە، کۆمەڵە ژنێکیش قورئانی پیرۆز لەبەر بۆ مامۆستا دەخوێننەوە، بەشێکیش خەریکی نوێژ و نزان.
 
مزگەوتی ئەزهەر لە قاهیرەی پایتەختی میسر لە ساڵی 972ی زایینی دروستکراوە، ساڵانە هەزاران کەس سەردانی دەکەن، بەردەوام جێگەی سەرەنجی ئەو گەشتیارانەیە کە حەز بە مێژووی ئیسلامی، هونەری ئیسلامی و کەشی رووحی دەکەن.
 
مزگەوتی ئەزهەر لەلایەن دەوڵەتی فاتیمییەوە دروستکراوە، کە ئەوکات شیعەکان لە میسردا باڵادەست بوون، تاوەکو سەرکردەی کورد سەڵاحەدینی ئەیوبی دەوڵەتی فاتیمییەی لە میسر رووخاند و مەزهەبی شافیعیی سوننەی سەپاند، بۆ ماوەیەکیش گوتاری لە مزگەوتەکە راگرت، تاوەکو گوتاری شیعەگەری نەگوترێتەوە.
 
مزگەوتەکە دەکەوێتە ناوەندی قاهیرەی کۆنەوە، نزیکەی بازاڕە مێژووەکەی خان خەلیلە، هەموو کەس دەتوانێت سەردانی مزگەوتەکە بکات، ژنانیش  دەبێت لە کاتی چوونە نێو مزگەوتەکە لەچک لەسەر بکەن.
 
ئەو مزگەوتە تەمەن زیاتر لە هەزار ساڵە، یەکێکە لە سەرەکیترین ناوەندی زانستی ئیسلامی لە جیهاندا، ئێستا مزگەوتەکە ناوەندی ئەزهەری شەریفە، کە ناوەندێکی ئایینییە و شێخی ئەزهەر رابەری دەکات، دامەزراوەیەکی گەورەیە، لە هەموو دنیای ئیسلامەوە چاویان لە فەتوا و روونکردنەوەی زاناکانی ئەزهەرە.
 
ئەزهەر، سەرەتا تەنیا مزگەوت بووە، بەڵام حوجرەی خوێندن و ناوەندێکی گەورەی خوێندن بووە و هەموو زانستەکانی ئەوکاتی لێ خوێندراوە، بۆیە زانکۆکە هەر بە ناوی مزگەوتی ئەزهەرەوە کراوە، بە سێیەم کۆنترین زانکۆ لە جیهاندا دادەنرێت، ئێستا ئەو زانکۆیە لە 92 کۆلێژ و 14 پەیمانگە پێکدێت و لە چەندین شوێنی قاهیرە بینا و ناوەندی خوێندنیان هەیە.