رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن دەستپێشخەرییەکی ئاشتییان راگەیاند کە لە رێگەی نێوەندگیریی عومانەوە پێشکێشی سعودیەیان کردووە و تێیدا داوای ئاگربەستی گشتگیر، کردنەوەی فڕۆکەخانە و بەندەرەکان، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و ئازادکردنی سەرجەم دیلەکان دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 29-11-2026، مەهدی مەشات، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی حووسییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەنەوە گوتی: "لە یەکەم ساتەوە سوور بووین لەسەر ئەوەی بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو هەوڵە دڵسۆزانەکانی ئاشتیدا بکەین. ئەمەش بووە هۆی ئامادەکردنی کۆمەڵێک خاڵ کە براکانمان لە سەڵتەنەتی عومان رادەستی سعودیەیان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە، لە کاتێکدا ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ جێبەجێکردنیان دەربڕیوە."
بە گوێرەی مەشات، دەستپێشخەرییەکە حەوت خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێ، کە ئەمانەن:
یەکەم: کردنەوەی هەموو فڕۆکەخانەکانی هەردوو وڵات، کۆتاییهێنان بە بەئامانجگرتنیان لە لایەن هەردوولاوە و نەهێشتنی هەموو رێگرییەکان.
دووەم: کردنەوەی هەموو بەندەرەکانی هەردوو وڵات، کۆتاییهێنان بە بەئامانجگرتنیان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو رێکارانەی رێگرن لە کارکردنیان.
سێیەم: هەناردەکردنی سامانی نەوت بەبێ رێگری لە لایەن هیچ لایەکەوە، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران لە سەرتاسەری وڵاتدا دابین بکرێت.
چوارەم: ئازادکردنی سەرجەم دیلەکانی هەردوولا.
پێنجەم: هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو رێکارانەی زیان بە ژیانی هاووڵاتییانی هەردوو وڵات لە نێوخۆ و دەرەوە دەگەیێنن.
شەشەم: پێشێلکردنی هەر خاڵێکی ئەم دەستپێشخەرییە بە پێشێلکردنی تەواوی رێککەوتنەکە دادەنرێ و لایەنی پێشێلکار بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت.
حەوتەم: راگەیاندنی ئاگربەستێکی گشتگیر لەسەر زەوی، دەریا و ئاسمان لە نێوان یەمەن و سعودیەدا.
مەشات سعودیەی بەوە تۆمەتبار کرد کە پێشتر هەموو هەوڵەکانی ئاشتیی رەتکردووەتەوە و گوتی: "لە ژێر رۆشنایی ئەو خاڵە دادپەروەرانەی کە لە لایەن دوژمنی سعودییەوە رەتکرانەوە و بەهۆی ئەو تاوانانەی رۆژانە بەرامبەر گەلەکەمان دەیکات، ئێمە هێزی حەقمان هەیە و هیچ بژارەیەکی دیکەمان نییە جگە لە بەردەوامبوون لەسەر هەڵوێستەکانمان تاوەکو ئەو کاتەی گەمارۆ و دەستدرێژییەکان بۆ سەر وڵاتەکەمان کۆتاییان دێت."
لە ساڵی 2015ـەوە هاوپەیمانییەکی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە دەستی لە جەنگی نێوخۆیی یەمەن وەرداوە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی دانپێدانراوی ئەو وڵاتە دژی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان).


