رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتی دەکاتەوە هێرشە درۆنییەکەی سەر کوێت کە تێیدا دوو ئیتاڵی کوژران، لەلایەن ئەوانەوە کرابێت. دەشڵێت، ئامادەن بۆ زانینی راستیی رووداوەکە هاوکاریی ئیتاڵیا و کوێت بکەن.
دوێنێ پێنجشەممە 26-11-2026، وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، دوای بەرپەرچدانەوەی ژمارەیەک درۆنی ئێرانی کە دامەزراوەیەکی هەستیاریان کردبووە ئامانج، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پارچەوە لانیکەم چوار کەس بریندار بوون کە دووانیان هاووڵاتیی ئیتاڵیا بوون و دواتر هەردوو گیانیان لەدەستدا.
دوای رووداوەکە، تۆمەتبارکردنی ئێران کاردانەوەی بەرپرسانی وڵاتەکەی لێکەوتەوە. پێشتریش تاران دەستەواژەی ''ئاڵای درۆیین''ـی لە کاتی هاوشێوەدا بەکارهێناوە. بەو واتایەی لایەنێکی دیکە مەبەستدار هێرشەکەی کردووە و خراوەتە پاڵ ئاڵای ئێران و هێزە چەکدارەکانی ئێران.
''رووداوەکە گوماناوییە''
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: ''هێرشە درۆنییەکە گوماناوییە و پپێدەچێت بەشێک بێت لە سیناریۆیەکی پێشترداڕێژراو بۆ هەڵگیرساندنەوەی جەنگ''.
عێراقچی لەگەڵ ئەوەی کە رەتی دەکاتەوە هێرشەکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەوانەوە کرابێت، ئەوەشی خستەڕوو: ''ئامادەیی تەواومان هەیە لەگەڵ کوێت و ئیتاڵیا بۆ روونکردنەوەی راستیی رووداوەکە هاوکاری بکەین''.
''ئامانج لە تۆمەتبارکردنمان راکێشانی ئەورووپایە بۆ نێو گرژییەکە''
هاوکات عەلی ئەکبەر رەزایی، باڵیۆزی ئێران لە ئیتاڵیا پەیامێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کوێت بڵاو کردەوە کە تێیدا بە تووندی سەرکۆنەی ئەو لایەنانە دەکات، ئێران بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن.
عەلی ئەکبەر رەزایی گوتی: ''بە تەواوی بانگەشەکە رەت دەکەینەوە و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەو جووڵە و ئۆپەراسیۆنە ئاڵا درۆیینانە رادەکێشین کە ئامانجیان فراوانکردنی ئاستی پێکدادانەکانە''.
باڵیۆزی ئێران لە ئیتاڵیا بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ وڵاتێک دەڵێت: ''ئامانجیان لە تۆمەتبارکردنی ئێمە بە هێرشەکە، راکێشانی ئەورووپا بۆ نێو قەیران و ئاڵۆزترکردنی دۆخی ئێستایە. بۆیە داوای هۆشیاربوون لە هەمووان دەکەین''.
''ئەنجامدەری ئۆپەراسیۆنەکە ئۆکراینایە''
بەشێک لە سیاسەتڤانان و شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ئێران، ئۆکراینا بە ئەنجامدانی هێرشە درۆنییەکەی سەر کوێت تۆمەتبار دەکەن.
محەممەد مەرەندی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەوبارەوە دەڵێت: ''هێرشەکەی سەر کوێت، ئۆپەراسیۆنێکی درۆ بووە کە بکەرەکەی ئۆکراینایە''.
محەممەد مەرەندی ئاماژەی بەوەش کرد، ''بریکارەکانی ئۆکراینا ئێستا لە سەرانسەری ناوچەکە هەن، لەوانەش لە باکووری عێراق و سووریا. بۆیە هێرشەکە کاری ئەوانە. ئامانجی ئۆکرایناش لەم کارە، دەرخستنی تواناکانیەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ (سەرۆکی ئەمریکا)''.
هەر دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا راگەیێندراوێکی لەسەر رووداوەکە بڵاو کردەوە لە تێیدا هاتووە، "تەقینەوەیەک بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە لە شوێنێکدا روویداوە کە دوو تەکنیککاری ئیتاڵیی سەر بە کۆمپانیای (راینمێتاڵ) کاریان تێدا دەکرد." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هەردوو کارمەندە ئیتاڵییەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەم هێرشە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو کوێت سیستمی بەرگریی ئاسمانیی خۆی خستە کار بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە درۆنییەکانی ئێران کە یەکەم هێرشی لەو شێوەیە بوو لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە.
ئەم ململانێیە کە لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردوو بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، وڵاتانی کەنداوی خستووەتە نێو ئاگری جەنگەکەوە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانی وزە لەسەر خاکەکانیان کراونەتە ئامانج؛ هاوکات ئەمریکا و ئێران لەسەر تەنگەی هورمز لە رووبەڕووبوونەوەدان و سوپای ئەمریکا کار بۆ یاوەریکردنی ئەو کەشتییانە دەکات کە بەو رێڕۆ ئاوییەدا تێدەپەڕن، وەک بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی تاران بۆ داخستنی تەنگەکە.



