رووداو دیجیتاڵ
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی دووشەممە 24-11-2026 لە گەشتی هەواڵەکانی تایبەت بە باکووری کوردستاندا، باسی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و ئەو زیندانییە سیاسییانە کرد کە نەخۆشن و پێویستە ئازاد بکرێن.
گەرگەرلیئۆغڵو باسی دواکەوتنی یاسای چوارچێوە و دۆخی سەختی زیندانییە نەخۆش و سیاسییەکانی گرتووخانەکانی تورکیای کرد و رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئابەوە چاوەڕوانییەکی گەورە بۆ دەرچوونی یاسای چوارچێوە و ئازادکردنی زیندانییان دروست ببوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک نەنراوە و پێشبینی دەکات پرۆسەکە تاوەکو دوای سەری ساڵ درێژە بکێشێت.
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی پێیوایە بە لەبەرچاوگرتنی رێکارە مەیدانی و یاساییەکان، ئەگەری کەمە لە کۆبوونەوەی 27ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا (مەگەکە) بڕیاری کۆتایی بدرێت، هەروەها چاوەڕێ ناکات گرووپی یەکەمی گەریلا و کادیرانی ئەورووپا پێش سەری ساڵ بگەڕێنەوە تورکیا.
لەبارەی ئەو کەسانەش کە یاساکە دەیانگرێتەوە، گەرگەرلیئۆغڵو روونی دەکاتەوە کە بەپێی زانیاری و لێدوانەکان، لە کۆی نزیکەی 5000 زیندانیی سیاسی، رەنگە نزیکەی 2800 کەس و هاوکات نزیکەی 3000 گەریلاش سوودمەند بن؛ بە مەرجێک دوای ساڵی 2005 سزا درابن، کەسیان نەکوشتبێت و سزای هەتاهەتاییان نەبێت، هەرچەندە بۆ دۆسیەی وەک سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ هیچ بەڵێنێکی گرنگ نادرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گەرگەرلیئۆغڵو ئاماری قەرەباڵخیی گرتووخانەکانی تورکیا دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتێکدا توانای گرتووخانەکان 303 هەزار کەسە، ئێستا نزیکەی 440 هەزار زیندانییان تێدایە کە دەکاتە 140٪ـی تواناکەیان، جگە لە نزیکەی ملیۆنێک کەسی دیکە کە لەژێر چاودێریی دادوەریدان.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی
رووداو: ئایا کەی کێشەی تەندروستیی زیندانی سیاسی چارەسەر دەبێت؟ بۆچی بەشێکیان کە حوکمیشیان تەواو بووە، ئازاد ناکرێن؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو:
سڵاو لە هەمووان، سڵاوتان لێ دەکەم. دوای پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە، چاوەڕوانییەکی گەورە لە گرتووخانەکاندا دروست ببوو. هەروەک ئەوەی خەڵک بارگەیان ئامادە کردبوو و کەسوکاری زیندانییەکانیش ژوورەکانی ناو ماڵەکانیان ئامادە کردبوو. من پەرلەمانتارێکم کە زۆر سەردانی گرتووخانەکان دەکەم و لەگەڵ هەموواندا دیدار دەکەم. شەپۆلێکی هیوا دروست ببوو. بێگومان بەشێک لەوانەی لەم چاوەڕوانییەدا بوون نەخۆشەکان بوون و دەیانگوت: «هەرچی زووە بچینە دەرەوە و چارەسەرێکی باشی نەخۆشییەکەمان لە دەرەوە بکەین.» بەڵام لە دوای ئابەوە، ئەیلوول، تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم خەریکە تەواو دەبێت و هێشتا نە یاسایەک هەیە، نە ئازادبوونی زیندانییان هەیە، تەنانەت سەبارەت بە زیندانییە نەخۆشەکانیش هیچ پێشهاتێک نییە. بەم هۆیەوە چاوەڕوانییەکی گەورە هەیە. لە گرتووخانەکانی تورکیادا نزیکەی نیو ملیۆن زیندانی هەیە. نزیکەی یەک ملیۆن کەسیش لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی دادوەریدان. لە کاتێکدا لە تورکیا کێشەی زۆر گەورە سەبارەت بە دادپەروەری هەیە، ئێستا هیچ هەنگاوێک نانرێت. زیندانییانی سیاسی و زیندانییانی دادوەریش لە چاوەڕوانییەکی زۆر گەورەدان. هەموو رۆژێک تەلەفۆن دەکەن و دەڵێن: «کەی یاسایەک دەردەچێت؟» لە پرسی کورددا چاوەڕوانیی سەبارەت بە یاسای چوارچێوە زۆر گەورەیە. کاتێک لە مەیداندا دەگەڕێین، گەلەکەمان لە دوای ئەم یاسایە چاوەڕێی پێشهاتێکی دەکرد، بەڵام لە ئێستا چاوەڕوانییەکی زۆر گرنگ هەیە و بەم شێوەیە بڕوات، وادیارە ئەم چاوەڕوانییە تا سەری ساڵیش بەردەوام دەبێت. بەداخەوە ناتوانم هەواڵێکی خۆش بدەم.
رووداو: ئێوەش دەزانن فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە گوتی، نزیکەی پێنج هەزار زیندانی سیاسی هەن، دوای ئەوەی یاسای چوارچێوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، 2800 کەس سوود لەو یاسایە دەبینن و ئازاد دەکرێن. ئایا ئەو یاسایە کام زیندانەکان دەگرێتەوە؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو:
بەڵێ. ئێستا بەپێی ئەم لێدوانە، لەو ساتەی یاساکە دەردەچێت، ئەوانەی دوای 2005 سزایان وەرگرتووە دەتوانن سوودمەند بن، بەڵام ئەوانەی پێشتر ناتوانن سوودمەند بن. سزای هەتاهەتایی قورسکراو، هەتاهەتاییەکان و ئەوانەی مرۆڤیان کوشتووە ناتوانن سوودمەند بن. ئەوانەی دیکە بە شێوەیەک سوودمەند دەبن، دیمەنەکە ئەمەیە، بەڵام لەم بابەتەشدا گرفتێکی گرنگ هەیە، ئەوەتا دەیبینن؛ لە کاتێکدا خەڵک چاوەڕێیان دەکرد لە مانگی تشرینی یەکەمدا لەم بابەتەدا هەنگاوێک بنرێت، ئێستا لە پرۆسەکەدا گرفتێکی گرنگ هەیە. ژمارەیەکی گرنگ سوودمەند دەبوون. بەڵێ، بەشێک لە خەڵکیش نەیاندەتوانی سوودمەند بن، ئەوەش دەزانین. بەڵام بۆ ئەوێش چارەسەرێک دۆزرابووەوە. ئەویش بە شێوەی مانەوەی ئەوانیش لە شوێنێکدا، بە شێوەیەک بەبێ ئەوەی خاوەنی چەکێکی چالاک بن لە شوێنێکدا بمێننەوە، هەندێک مۆدێل بەو شێوەیە بیریان لێدەکرایەوە. لە سەرەتادا هەمووان لەسەر ئەم بابەتە کۆک بوون. بەڵام دواتر لەم بابەتەدا پێشکەوتن نەبوو. لە باری ئاساییدا تەنانەت ئەگەر یەک کەسیش ئازاد بکرێت، هیوایەکی گەورە لەدایک دەبێت. واتە لە راستیدا لە رای گشتیدا چاوەڕوانییەکانی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ زۆر زۆرن و لەو بابەتەدا بەڵێنی زۆر گرنگ نادرێت. بەڵام لانیکەم ئەوانەی چەکەکانیان دادەنێن و بەشدارییان لە هیچ چالاکییەکدا نەکردووە، مرۆڤیان نەکوشتووە و دوای 2005 بوونەتە گەریلا، تەنانەت ئەوانەش کە گەریلا نین و سزای 3، 5، 10، 20 ساڵیان هەیە، هەندێکیان بە داشکاندنی پێنج ساڵ و 10 ساڵ لەمە سوودمەند دەبوون. واتە لە بنەڕەتدا شتێکی وا هەیە، پێویست ناکات بچینە ناو وردەکاریی زۆر تەکنیکییەوە؛ ئەگەر بە شێوەیەک دەرگای بابەتەکە بکرێتەوە. واتە رێککەوتن بکرێت، پەسەندکردنی یاسای چوارچێوە، دەستنیشانکردنی دانانی چەک لە مەیداندا لەلایەن میتەوە، دواتریش دوای دەرکردنی بڕیارێک لەلایەن مەگەکە (ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی). ئەگەر زیندانییان دەست بە دەرچوون بکەن، دابەزینێکی گەورە لە گرژییەکاندا دەبوو. بارگرژی دادەبەزێت.
رووداو: بەرێز گەرگەرلیئۆغڵو، ئایا چەند گەریلا دەتوانن لەو یاسایە سوودمەند بن؟ هیچ ژمارەیەک لەبەردەستی ئێوە هەیە؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو:
ئێستا لەگەڵ ئەوەی زۆر روون نییە، واتە وەک ئەوەی ئێستا دەردەکەوێت، وا دیارە نزیکەی 3000 گەریلا دەتوانن لەمە سوودمەند بن. دیمەنەکە کەمێک وایە. بەڵام لە ئێستا لەم بابەتەدا ناکرێت ژمارەیەکی زۆر روون و دیاریکراو بدرێت. واتە لەم بابەتەدا بەسە هەنگاوێک بنرێت، پێموایە ئەوانی دیکەش بەدوایدا دێن. ژمارەیەکی زۆر روون نییە، بەڵام بەپێی ئەوەی دەیزانین ژمارەی گەریلاکانی لای پەکەکە چەندە و چۆنە و چەندیان دەگرێتەوە، بەڵام بەپێی تێگەیشتنمان پێموایە نزیکەی 3000 کەسێک کەم یان زۆر سوودمەند دەبن.
رووداو: ئەمڕۆ هەندێک چاودێری بواری ئەمنیی دەوڵەت گوتوویانە پەکەکە خواکوڕکیش 14 ئەشکەوت و پەناگەیان چۆڵ کردووە. ئایا ئەگەر هەیە 27ی مانگ ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا (مەگەکە) بڕیاری دوایی بدات و ئیدی یاساکە بکەوێتە سەر جێبەجێکردن؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو:
من بە شێوەیەکی کەسی زۆر گەشبین نیم. پێشبینیی من، واتە پێشبینیی کەسیی خۆم، پێموایە تا سەری ساڵ درێژە دەکێشێت. چونکە دەستنیشانکردنەکان لە مەیداندا، دواتریش وردکردنەوەی ئەمە و پێشکەشکردنی بە مەگەکە، پرۆسە و کاتێکی دیاریکراو دەخایەنێت. لەبەرئەوە بە راشکاوی پێموانییە بگاتە ئەم مانگە. ئەگەر ببێت، سوپرایزێکی گرنگ و جوان دەبێت. ئێمە هیوای بۆ دەخوازین، واتە دەمانەوێت ببێت، بەڵام زۆر پێموانییە.
رووداو: بە بڕوای ئێوە گرووپی یەکەمی گەریلا و کادیرانی ئەورووپاشی، بەر لە سەری ساڵ ناڕۆنە تورکیا؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو:
من پێشبینی ناکەم تا سەری ساڵ تێپەڕێت، پێموایە دوای سەری ساڵ دەبێت.
رووداو: چەند زیندانیی نەخۆش هەن کە پێویست بێت بەپەلە ئازاد بکرێن؟ بەڕێز گەرگەرلیئۆغڵو.
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو:
ئێستا لەم بابەتەدا ژمارەی زۆر روون نییە. لە راستیدا لە گرتووخانەکاندا توانای 303 هەزار کەس هەیە، بەڵام نزیکەی 440 هەزار زیندانی هەیە، بە رێژەی 140%. و ژمارەی جیاواز دەدرێن، دەستنیشانکردنێکی تەواویش ناکرێت. چونکە ئەو نەخۆشانەی دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بەدواداچوونیان بۆ دەکەن، هەندێک جار توێژێکی زۆر ورد و بەرفراوان ناگرێتەوە. و لە باری ئاساییدا بۆ نموونە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ژمارەکە بە نزیکەی 300-400 رادەگەیەنێت، بەڵام پێشبینیی من نزیکەی 1500-2000 زیندانیی نەخۆش هەیە. ئێستا قورسیی نەخۆشیی هەمووشیان جیاواز دەبێت و ناتوانرێت بگەنە هەمووشیان. بەپێی داواکاری دەکرێت ئەم دەستنیشانکردنانە بکرێن. لەبەرئەوە لەبارەی ژمارەوە ناکرێت شتێکی زۆر روون بگوترێت، بەڵام با ئەوە بڵێم: لەوەی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ دەستنیشانیان کردووە، زیندانیی نەخۆش زۆر زیاتر هەیە. کاتێک ئێمە مردنەکانمان هەژمار دەکرد، ژمارەی کەممان دەدۆزییەوە، بەڵام راگەیەندراوە فەرمییەکان زۆر زیاتر لەوەی ئێمە پێشبینیمان دەکرد نیشانی دا. واتە کۆمەڵەکانی ماف ناتوانن بگەنە هەموو نەخۆشەکان. پێموانییە لە 1500-2000 کەمتر نەخۆشی سەخت هەبێت. بە ژمارەیەکی تەواو بەرزە. چونکە سەدان هەزار زیندانی هەن و هەموویان بە شێوەیەک نەخۆشییان هەیە. هەندێکیان لە قۆناخی دەستنیشانکردندان، هەندێکیان لە قۆناخی چارەسەردان. بەڵام ئەمە زۆر باش دەزانم: لە گرتووخانەکاندا مافی تەندروستی بە شێوەیەکی زۆر سەخت لەژێر پێ خراوە و لەبەرئەوە ئەوەی بە ساغی دەچێتە ژوورەوە بە نەخۆشی دێتە دەرەوە، ئەوەی بە نەخۆشیش دەچێتە ژوورەوە لە ماوەیەکی کورتدا دەمرێت.
رووداو: بەرێز گەرگەرلیئۆغڵو بەشێک لەو نەخۆشانە تەنانەت ئەگەری گیانلەدەستدانیان لەسەرە. ئازادکردنی ئەوان پێویستیی بە یاسای چوارچێوە نییە، باشە بۆچی ئازاد ناکرێن؟
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو:
ئەم بابەتە خۆی لە خۆیدا بابەتێکی زۆر دڵتەزێنە. چونکە هەموومان دەکرێت نەخۆش بکەوین و کاتێک نەخۆش دەکەوین چاوەڕێی بایەخپێدان دەکەین، چاوەڕێی چارەسەر دەکەین. بەڵام کاتێک زیندانی دەبن، ناتوانن بگەن بەمە. بە یاسای چوارچێوە هەندێک لە زیندانییە نەخۆشەکان دەیانتوانی دەربچن، بەڵام ئەوەش نەبوو. ئەگەر یاسای چوارچێوەش دەرنەچێت، کاتێک زیندانییان نەخۆش دەکەون کۆمەڵێک میکانیزم هەیە. واتە دەچێتە نەخۆشخانە، دەچێتە لیژنەی تەندروستی، دوای لیژنەی تەندروستی دەچێتە دامەزراوەی پزیشکیی دادوەری و ئەگەر دواخستنی جێبەجێکردنی سزای پێبدات، ئازاد دەکرێت. بەڵام لە تورکیا ئەمانە رووداوگەلێکن کە بە پرۆسەی زۆر سەخت و درێژدا دەڕۆن. گەیشتن بە کلینیکی ناو گرتووخانەش سەختە، رەوانەکردن لە کلینیکی گرتووخانەوە بۆ نەخۆشخانە سەختە، پشکنینێکی باش سەختە، دوای پشکنینێکی باش گەیشتن بە ئامرازەکانی دەستنیشانکردن — گەیشتن بە ئێم ئاڕ و تۆمۆگرافی — سەختە، دوای گەیشتن بەوانەش دەستنیشانکردن سەختە، و دوای دەستنیشانکردنیش ئامرازەکانی چارەسەر لەوپەڕی سنوورداریدان. واتە لە هەموو بوارێکدا سنووردارن. و بەم هۆیەوە زیانێکی گەورە دەبینن. ئێستا حاڵەتی وا هەیە کە سەرەڕای ئەوەی دواخستنی جێبەجێکردنی سزاشی وەرگرتووە، داواکاریی گشتی بڕیاری پزیشک پێشێل دەکات و بڕیاری «نەخێر ئەم کەسە ناتوانرێت لە زیندان دەربهێنرێت» دەدات. دەگوترێت «ئەم زیندانییە بە مەترسیدار دەبینین، تەنانەت ئەگەر لەسەر جێگەی مەرگیش بێت ناتوانێت بچێتە دەرەوە» و زیندانییەکە لە گرتووخانەدا دەمرێت و لەناو تابووتدا ئازاد دەکرێت. حاڵەتی بەم شێوەیەش هەن و لەم بابەتەدا ئێستا کێشەکە زۆر گەورەیە و لەبەرئەوە هەفتەیەکە لەبەردەم وەزارەتی داد ئێشکگریی دادپەروەری بەردەوامە.
