رووداو دیجیتاڵ
ئاڤان جەمال، کچە ئەکتەری کوردی باشووری کوردستان و پاڵەوانی فیلمی 'بەهەشت نابینی ئەگەر ژن بتکوژێت' وەک یەکێک لە بەهرەمەندە دەستنیشانکراوەکانی خولی یەکەمی دەسپێشخەریی "ئەستێرە هەڵکشاوەکانی عەرەب" دیاریکرا.
دەستپێشخەرییەکە لەلایەن گۆڤاری جیهانیی "سکرین ئینتەرناشناڵ"ـەوە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی فیلمی دەوحە رێکخرابوو. ئاڤان کە لە سێ فیلمی بەربژێری عێراق بۆ خەڵاتی ئۆسکار بەشداریی کردووە، ئێستا یەکێکە لەو ناوانەی چاوی سینەمای نێودەوڵەتییان لەسەرە.
دەسپێشخەرییەکە هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر کارەکانی گۆڤاری "سکرین ئینتەرناشناڵ" لە دۆزینەوەی بەهرەمەندە نوێیەکان لە ناوچەکەدا. لەم خولەدا، ئاڤان جەمال لەگەڵ سێ بەهرەمەندی دیکە لە قەتەر، میسر و سعودیە وەک ئەستێرەی هەڵکشاو ناسێندران. ئاڤان لە کاتی ناساندنی دەسپێشخەرییەکەدا جەختی لە گرنگیی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کۆمەڵگەکەی بە شێوەیەکی رەسەن و گەیاندنیان بە جیهان کردەوە.
خەونی خوشکەکەی
ئاڤان جەمال کە لە باشووری کوردستان لەدایکبووە و لە ساڵی 2012ـەوە لە سوێدەوە بەرەو بەریتانیا کۆچی کردووە، تەنیا خولێکی دوو هەفتەیی نواندنی لە لەندەن بینیوە و هیچ خوێندنێکی ئەکادیمیی دیکەی لەو بوارەدا نییە.
سەبارەت بە پاڵنەری سەرەکیی بۆ چوونە نێو جیهانی نواندن، ئاڤان ئاماژەی بەوە کرد کە خەونی خوشکە گەورەکەی بووەتە ئیلهامبەخشی، ئاڤان دەڵێ: "خوشکم خولیایەکی زۆری بۆ سینەما هەبوو و خەونی دەبینی ببێتە ئەکتەر، بەڵام بەداخەوە خێزانەکەم رێگەیان پێ نەدا. پێموایە ئەمە بووە هۆکارێک کە من بەرەو نواندن رابکێشرێم، رەنگە بێ ئەوەی هەستی پێبکەم، پارچەیەکی بچووک لە خەونەکەی ئەو لەگەڵ خۆمدا هەڵدەگرم."
سێ فیلم و سێ بەشداری لە ئۆسکار
سەرەڕای نەبوونی خوێندنی ئەکادیمی، ئاڤان توانی رۆڵی سەرەکی لە فیلمی (ئەزموون)ـی شەوکەت ئەمین کۆرکی (2021) بەدەستبێنێت، کە نوێنەری فەرمیی عێراق بوو بۆ خەڵاتی ئۆسکار. دواتر لە فیلمی (مێسی بەغدا)ـی سەهیم عومەر خەلیفە رۆڵی گێڕا، کە ئەویش نوێنەری عێراق بوو بۆ ئۆسکاری 2025.
ئێستا ئاڤان جەمال لە فیلمی (بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت) لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، رۆڵی نیشانەشکێنێکی کورد دەگێڕێت، کە ئەم فیلمەش وەک بەربژێری ئەم ساڵی عێراق بۆ خەڵاتی ئۆسکار دیاریکراوە.
ئاڤان دەڵێ: "هەبوونی دەرفەتێک بۆ گەیاندنی چیرۆکی ژنێکی کورد بۆ بینەرانی نێودەوڵەتی، مانا و بایەخێکی تایبەتی بۆ من هەیە." هیواداریشە هەڵبژاردنی وەک ئەستێرەیەکی هەڵکشاو، دەرگا بۆ هونەرمەندانی دیکەی ناوچەکە بکاتەوە.
چاوی لە کارکردنە لەگەڵ سکۆڕسەیزی
سەبارەت بە خەونەکانی لە داهاتوودا، ئاڤان جەمال ئارەزوو دەکات لە پرۆژەیەکدا لەگەڵ دەرهێنەری بەنێوبانگ مارتن سکۆڕسەیزی کار بکات و لە تەنیشت ئەکتەری ناسراو پیرس برۆسنان رۆڵ بگێڕێت.
ئەو ئەکتەرە کوردە پلانی وایە لە پێنج ساڵی داهاتوودا ببێتە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وەک دەموچاوێکی نوێی سینەمای بەریتانیش پێگەی خۆی جێگیر بکات. فێستیڤاڵی فیلمی دەوحە کە ئاڤان تێیدا بەشدارە، تاوەکو 27ـی تشرینی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت.



