رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ زیادبوونی ترسی دەستپێکردنەوەی جەنگ و پێکدادانەکان لە ئەگەری شکستهێنانی هەوڵە نێوەندگیرەکان، ئێران بنکەیەکی نوێی مەشقی سەربازیی تایبەت بە ژنانی کردەوە، کە تێیدا دەیان ژنی خۆبەخش مەشق لەسەر بەکارهێنانی چەکی قورس، نیشانەشکێنی، بەرگریی شارستانی و کردەوەی سەربازیی تایبەت دەکەن.
رۆژی سێشەممە 10-11-2026، لە گۆڕەپانی ئازادیی تاران مەشقی بەکۆمەڵی ژنانی خۆبەخش بەڕێوەچوو کە ناویان لەخۆیان ناوە جانفەدا (گیانبەختکەران). لە چوارچێوەی مەشقەکاندا، بەشداربووان بە هەڵگرتنی چەک راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی گوریس و پەت لە بەرزاییەوە بۆ سەر زەوی، بەکارهێنانی قەناس، هاوەن و دۆشکە کرد.
ئەم بنکەیە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندایە کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە دەستیان پێکردووە و ئامانجیان مەشقپێکردن و ئامادەکردنی یەک ملیۆن خۆبەخشە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر کردەیەکی سەربازی. لە مانگەکانی رابردووشدا سێ ناوەندی هاوشێوە لە تاران و چەندین ناوەندی دیکە لە شارە جیاوازەکانی ئێران کراونەتەوە.
فائیزە چناری، خۆبەخشێکی تەمەن 20 ساڵە گوتی، "کاتێک وڵات و نیشتمانەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەم کارانە هیچ نین؛ تەنانەت کاری لەمەش سەختتر دەکەین بۆ ئەوەی شەقازلەیەک لە دەمی دووژمن بدەین. هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاو، گەنج و پیردا نییە؛ هەموومان هەوڵ دەدەین دووژمن لەناوببەین. بێگومان پێموانییە رۆژێک بێت دووژمن پێ بخاتە سەر ئەم خاکە."
مەعسوومە ئەکبەری، بەرپرسی رێکخراوی بەسیجی ژنان لە فەرماندەیی سوپای پاسدارانی تارانی گەورە گوتی، "ئەم خولە پێکدێت لە ئاشنابوون بە چەکی سووک، دەمانچە، چەکی تایبەت، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، مایکرۆ-درۆن، چەکی هێرشکردن و چەکی سەرشان. هەروەها بنەماکانی بەرگریی شار، وەڵامدانەوەی خێرا و لەناکاو، ئۆپەراسیۆنی فریاگوزاری، یارمەتیدانی کۆمەڵگە و ئاگرکوژاندنەوە."
لە کاتی مەشقەکاندا، بەشداربووان لەنێو ئۆتۆمبێلی سەربازی دروشمی "ئەم سوپایە بۆ خۆشەویستیی رێبەر هاتووە" و "گیانم فیدای رێبەر"یان دەگوتەوە.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگ لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران نمایش و مەشقی سەربازیی بەردەوامیان هەبووە؛ کردنەوەی ئەم بنکە سەربازییانەش لە کاتێکدایە کە ترسی ئەوە هەیە لە ئەگەری سەرنەکەوتنی دانوستاندن و نێوەندگیرییە دیپلۆماسییەکان، جارێکی دیکە ئاگری جەنگ لە ناوچەکەدا هەڵگیرسێتەوە.



