رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئێران رایگەیاند، بەرپرسانی باڵای هەر سێ وڵاتی سعودیە، تورکیا و پاکستان بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی تایبەت بە ئاسایشی ناوچەکە سەردانی تاران دەکەن.
رۆژی دووشەممە 26-10-2026، عەلی باقری کەنی، یاریدەدەری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "بەپێی رێککەوتن، هەریەکە لە خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعودیە؛ جەنەراڵ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان و ئیبراهیم کالن، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی تورکیا (میت) لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن."
کەنی باسی لەوەش کرد، کۆبوونەوەکە لەگەڵ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت و گوتی: "ئەم کۆبوونەوە چوارقۆڵییەی تاران دەکرێت هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر بێت بەرەو بنیاتنانی ئاسایشێکی بەردەوام لە ناوچەکەدا، هیواداریشن ئەم دەستپێشخەرییە یارمەتیدەر بێت بۆ دەستەبەرکردنی ناوچەیەکی سەقامگیر."
هەرچەندە کاتی دیاریکراوی کۆبوونەوەکە رانەگەیێندراوە، بەڵام بەرپرسەکەی ئێران گوتی، پێشنیازی ئەم کۆبوونەوەیە هەفتەی رابردوو لە کاتی سەردانەکەی عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان بۆ تاران خراوەتەڕوو.
سازدانی ئەم گفتوگۆ ئەمنییە چوارقۆڵییە لە کاتێکدایە، لە مانگی شوباتی ئەم ساڵەوە و دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هاوکات لەگەڵ دانوستاندنە ئەتۆمییەکان، تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوتووەتە نێو جەنگێکی فراوانەوە.
هەرچەندە لە مانگی نیساندا ئاگربەست کۆتایی بە بۆردوومانە چڕەکان هێنا، بەڵام ناکۆکی و ململانێ لەسەر تەنگەی هورمز، کە نزیکەی پێنجیەکی نەوت و گازی شلی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەردەوامە.
تاران کۆنترۆڵکردنی هورمزی راگەیاندووە و کەشتییە بێمۆڵەتەکان دەکاتە ئامانج، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندووە. لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ واشنتن بەتایبەت دوای شکستهێنانی رێککەوتنی مانگی حوزەیران بە تەواوی چەقیون، شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا پەرەیانسەندووە و پێکدادانەکانی نێوان سعودیە و حووسییەکانی یەمەنی گرتووەتەوە.

