رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی رایگەیاند، سیستمی دەسەڵاتی ئێران "رژێمێکی خراپەکار نییە." باراک سیستمی ئایینیی شیعە کە لە دوای شۆڕشی 1979 دامەزراوە بە پێکهاتەیەکی ئایینی ناوبرد کە "شایەنی رێزە"؛ هاوکات سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک نەیارێک دەستنیشان کرد کە رەفتارەکانی بەرامبەر ئیسرائیل کێشەدار بوون.
باراک رۆژی سێشەممە لە گوتارێکیدا لە کۆڕبەندی ئاسایشی جیهانی لە دەوحە گوتی: "ئەگەر سەیری ئێران بکەیت، گەلی ئێرانمان زۆر خۆشدەوێ و رێزی لێدەگرین و تێدەگەین کە فەلسەفەی شیعەی دوانزە ئیمامی لە بنەڕەتەوە لە دوای ساڵی 1979ـەوە سیستەمێکی ئایینییە. ئەوە رژێمێکی خراپەکار نییە، ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە. ئەوە نێوەڕۆک و پراکتیکێکی ئایینییە کە هەموومان رێزی لێدەگرین. سوپای پاسداران بووەتە نەیار و لە رۆڵە نەیارییەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل، کێشە بووە."
تۆم باراک کە هاوکات نێردەی تایبەتی ئەمریکایە بۆ کاروباری سووریا و عێراق، جیاوازی کرد لە نێوان سیستمی فەرمانڕەوایەتیی ئایینیی ئێران و رۆڵی سوپای پاسداران. دیپلۆماتەکە پێشتر دژی دەستوەردان بووە بۆ گۆڕینی حکومەتەکان لە ناوچەکەدا و ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستوەردانەکانی پێشووی ئەمریکا سەرکەوتوو نەبوون، هەروەها لە نێوەندی ئەو گرژییە بەردەوامانەی نێوان ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل، داوای گرتنەبەری رێگەی دانوستاندنی کرد لەبری پەرەسەندنی زیاتری ململانێکان.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاڵۆزتر بوون و سەرنجی زۆریشیان راکێشاوە چونکە جیاوازن لەو زمانە تووندەی بەرپرسانی دیکە بۆ باسکردنی حکومەتی تاران بەکاریدەهێنن.
باراک جەختی لە رێزگرتن لە خەڵکی ئێران و بنەما ئایینییەکانی سیستمی دوای ساڵی 1979 کردەوە، لە کاتێکدا پێداگریش دەکات لەسەر ئەوەی کە هەڵوێستی رووبەڕووبوونەوەی سوپای پاسداران، بەتایبەتی بەرامبەر بە ئیسرائیل، ئاستەنگێکی گەورە پێکدەهێنێت.
باراک، کە سەرمایەدارێکی لوبنانی-ئەمریکی و کەسایەتییەکی سیاسیی دێرینە و پێشتر لە چەندین پۆستی پەیوەندیدار بە ئیدارەی ترەمپدا کاری کردووە، لە دیپلۆماسیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چالاک بووە، لەنێویاندا لە هەوڵەکانی پەیوەست بە سووریا و کەمکردنەوەی ململانێکان لە ناوچەکەدا. قسەکانیشی لە کۆڕبەندی دەوحە، بەشێکن لە گفتوگۆیەکی بەرفراوانتر لەبارەی ئاسایش و دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا.


