رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە وەڵامی پێشنیازەکانی ئەمریکا سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ دەدەنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاران و مەسقەت لەسەر دیاریکردنی رێڕەوی سەلامەتی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمزدا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.
شەوی چوارشەممە 08-10-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئێران سەبارەت بە دوایین پێشهاتی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، تێبینی و مەرجەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ناوچەی کەنداو و تەنگەی هورمز، بە شێوەیەکی ''روون و یەکلاکەرەوە'' دراوەتە ئەمریکا.
بەگوتەی ئیسماعیل بەقایی، وەڵامی ''پێویست''ـی پێشنیازەکانی ئەمریکاش لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەدرێتەوە واشنتن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی تاران و مەسقەت کرد، بۆ دیاریکردنی رێرەوێک بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و گوتی: ''پرۆسە راوێژکارییەکە بە باشی بەڕێوەچووە و هەردوو وڵاتە کەناراوییەکان وێڕای رێککەوتن لەسەر رێڕەوە ئارامەکانی هاتووچۆ، سەبارەت بە چۆنیێتیی گەیاندنی بابەتەکەش بە لایەنی پەیوەندیداری نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن."
ئەم لێدوانانە لە درێژەی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتندا دێن لە نیویۆرک. کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، 4ـی تشرینی یەکەم رایگەیاندبوو، تێڕوانینەکانی ئەمریکا لەبارەی پلانی حەوت رۆژەی تارانەوە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە وەرگیراون و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێ.
تاران کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمزی بە کۆمەڵێک مەرجەوە بەستووەتەوە، لەوانە راگرتنی سەرجەم شەڕ و گرژییەکان لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (لە نێویاندا لوبنان و یەمەن) بۆ حەوت رۆژ.
هەروەها ئێران داوا دەکات لانیکەم 12 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئازاد بکرێ، سزاکانی سەر نەوتەکەی هەڵبگیرێن و کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بهێندرێ.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر پێشنیازی سەرەتایی تارانی رەتکردبووەوە و بەرپرسانی هەردوولا لە رۆژانی رابردوودا، لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە درێژەیان بە ئاڵوگۆڕی پەیام داوە.
ئیسماعیل بەقایی سەبارەت بە ئەگەری بەردەوامیی دانوستاندنی تاران و واشنتن گوتی، ئاڵوگۆڕی پەیامی نێوانیان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەکرێ.



