رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند، دوای دابەزینی بەرچاوی نرخی تمەن و بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو، پلانی هەیە دوو ملیار دۆلار بخاتە بازاڕەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی (ئیرنا) بڵاویکردەوە، بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو و رێگریکردن لەدابەزینی بەردەوامی بەهای دراوی نیشتمانیی وڵاتەکەی، بڕیاری داوە دوو ملیار دۆلار بخاتە بازاڕەوە.
بەپێی ئاژانسەکە، بانکی ناوەندیی ئێران ئەم بڕە دۆلارە لەدوو قۆناخ دا دەخاتە بازاڕەوە و پرۆسەی فرۆشتنی دراوەکەش لەئەمڕۆ چوارشەممەوە دەستیپێکردووە.
بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاندووە، لەقۆناخی یەکەم دا، یەک ملیار دۆلار لەرێگەی لقی هەڵبژێردراوی بانکەکان و نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لەسەرانسەری وڵات دا دەخرێتەڕوو.
بەگوێرەی بانکی ناوەندیی ئێران، سەرجەم هاووڵاتییانی سەرووی 18 ساڵ دەتوانن بەپێشکەشکردنی کارتی نیشتمانی، 10 هەزار دۆلار لەوشوێنانەی دیاریکراون، وەربگرن.
دەستێوەردانی بانکی ناوەندیی ئێران لەبازاڕی دراو دا دوای ئەوە دێت کە لەچەند رۆژی رابردوو دا و دوای بەبنبەست گەیشتنی دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران، نرخی تمەن بەشێوەیەکی خێرا دابەزی و ئێستا یەک دۆلار لەبازاڕی ئازاد دا بە 254 هەزار تمەن مامەڵەی پێ دەکرێت.


