رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لە نیویۆرک دانوستاندنی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکییەکان هەبووە، ئاماژە بەوەش دەکات، لە دۆخی نوێی ناوچەکەدا تاران گەیشتووەتە پێگەیەکی ''نایاب''.
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-09-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی کابینەی حکومەتدا، راپۆرتێکی تایبەت بە گەشتەکەی بۆ نیویۆرک و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی رادەستی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە کرد.
عەباس عێراقچی رایگەیاند، شاندەکەیان لە نیویۆرک سەبارەت بە کردنەوەی تەنگەی هورمز و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، دانوستاندنی ''ناڕاستەوخۆ''ـیان لەگەڵ ئەمریکییەکان هەبووە.
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دۆخی نوێی ناوچەکەدا، تاران گەیشتووەتە ''پێگەیەکی نایاب'' و لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وڵاتانی ئەورووپی، عەرەبی و ئاسیایی، پەرۆشییەکی زۆریان بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پیشان داوە.
پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئاگادارەوە بڵاویکردبووەوە کە عێراقچی شەوی سێشەممە لە دەوحە، وەڵامی ئەمریکای بۆ دەستپێشخەرییە حەوت رۆژەییەکە، لە نێوەندگیری قەتەری وەرگرتووە.
ئێران هەفتەی رابردوو دەستپێشخەرییەکی پێشکێش کردبوو کە تێیدا هاتبوو، لە ئەگەری بەدیهاتنی مەرجەکانی تاران، دەکرێ تەنگەی هورمز لە ماوەی حەوت رۆژدا بکرێتەوە. بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازەکەی ئێرانی رەتکردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا قەتەر بە هەندێک "بیرۆکە"ـوە لە نێوەندگیریکردنی ئەمریکا و ئێران بەردەوام بوو.
پێش دەستپێکردنی جەنگەکە و راگرتنی جموجووڵی کەشتییەکان، تەنگەی هورمز ریڕۆیەکی زۆر گرنگ بوو بۆ بازرگانیی نەوت و گاز و نزیکەی 20٪ی وزەی جیهان پێدا تێدەپەری.


