رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، چەند هێرشێکیان بۆ سەر "شوێنی گرنگ و هەستیار" لە ریازی پایتەختی سعودیە و دامەزراوە نەوتییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری یەنبەع کردووە، ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی دانیشتووانی ریاز دەنگی چەندین تەقینەوەیان بیست.
رۆژی شەممە 19-09-2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە راگەیێندراوێکدا کە لە تەلەگرام بڵاویکردەوە: "لە وەڵامی هەوڵە تاوانکارییەکانی سعودیەی دووژمن بۆ بەئامانجگرتنی سەنعای پایتەخت، هێزە چەکدارەکانی یەمەن دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سەرکەوتوویان بە بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی بالیستی، کروز و درۆن کرد."
سەریع ئاماژەی بەوەش کرد: "ئۆپەراسیۆنی یەکەم شوێنە هەستیارەکانی پایتەختی سعودیەی کردە ئامانج، دووەمیشیان دامەزراوەکانی ئارامکۆی لە شاری بەندەریی یەنبەع پێکا."
ئەم راگەیێندراوەی حووسییەکان دوای ئەوە دێت، پێشتر تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیبوویان ئاگرێک لە کۆگەیەکی سووتەمەنی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز بکوژێننەوە، کە ئاگر لە تانکییەکی نەوتی کەوتبووەوە و لۆگۆی کۆمپانیای ئارامکۆی پێوەبوو.
هەروەها بەهۆی هێرشەکان و لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هێرشی ئاسمانی لە شەودا، کێشەی گەورە لە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز دروستبوو.
ئەم گرژییە نوێیە لە کاتێکدایە، حووسییەکان لەناوخۆی یەمەن لە هێرشێکی بەرفراواندان و دەستیان بەسەر ناوچەیەکی فراوانی وڵاتەکەدا گرتووە، هاوکات ئەمە یەکەمجارە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لەم مانگەدا، پایتەختی سعودیە و دامەزراوە ستراتیژییەکانی بە مووشەک و درۆن بکرێنە ئامانج.

