رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا سەرکەوتوو بوون لە پاراستنی هاتووچۆی دەریایی و زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوتی خاویان بە سەلامەتی بەنێو تەنگەی هورمزدا تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە هەناردەی نەوتی ئێران سفر بووەتەوە.
براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی، هێزەکانیان هاوکاریی دەربازبوونی زیاتر لە یەک ملیار بەرمیل نەوتی خاوی هاوبەشەکانی کەنداویان لە تەنگەی هورمز کردووە، هەروەها پاراستنیان بۆ تێپەڕبوونی زیاتر لە 2,000 کەشتیی بازرگانی لە رێگەی هەماهەنگیی سەربازییەوە دابین کردووە.
کووپەر ئاماژەی بەوە کرد، رێڕۆ سەرەکییەکانی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز لە مین پاککراونەتەوە و هەزاران کەشتی بەبێ کێشە بە تەنگەکەدا دەربازکراون. فەرماندەی سێنتکۆم روونیکردەوە، بەهۆی ئەو گەمارۆ تووندەی هێزەکانی ئەمریکا سەپاندوویانە، هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سفر بەرمیل.
بە گوتەی کووپەر، واشنتن لەگەڵ هەر شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و کۆمپانیاکانی دڵنیایی و کەشتیوانی لە هاوئاهەنگیدایە بۆ زیادکردنی قەبارەی هاتووچۆ، بە جۆرێک کە لە دوو هەفتەی رابردوودا قەبارەی گواستنەوەی نەوتی خاو، بارە بازرگانییەکان و گازی سرووشتیی شلکراو بەنێو تەنگەی هورمزدا، لە هەموو کاتێکی دیکەی شەش مانگی رابردوو زیاتر بووە.
فەرماندەی سێنتکۆم باسی لەوەش کرد، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ناوچەکەدا کار بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی دەکەن و یەکەیەکی نوێی هاوپەیمانییان بۆ درۆنی هێرشکار پێکهێناوە، بە ئامانجی پاراستن و بە کراوەیی هێشتنەوەی تەنگەی هورمز و ئاوی دەوروبەری.

