رووداو دیجیتاڵ
لە تاران بەئامادەبوونی سەرۆککۆمار و ژمارەیەک لە بەرپرسان، نمایشی سەربازیی هێزی "گیانفیدای ئێران" بەڕێوەچوو کە لە خۆبەخشان و لایەنگرانی حکومەت پێکهاتووە. مەسعود پزیشکیان دەڵێت: "بەشداریی خەڵک لە نمایشەکەدا دەبێتە هۆی نائومێدیی دوژمن و دڵگەرمیی بەرپرسانی وڵات."
رۆژی هەینی، 18ـی ئەیلوولی 2026، لە چوارچێوەی پلانێکی پێشوەختەدا لە تاران، بەئامادەبوونی بەرپرسانی ئێران، نمایش و مانۆڕێکی سەربازی بۆ ئەو کەسانە بەڕێوەچوو کە پێشتر وەک لایەنگری حکومەت و کۆماری ئیسلامی، ناوی خۆیان بە "گیانفیدای ئێران" تۆمارکردبوو.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە لە نمایشەکەدا بەشداربوو، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بەشداریی خەڵک لە مانۆڕە سەربازییەکەدا، دەبێتە هۆی "نائومێدیی دوژمنان"ـیان و "دڵگەرمیی بەرپرسان"ـی وڵاتەکە.
لەناو هێزی "گیانفیدای"ـی ئێراندا ناوی ژن، پیاو، پیر و گەنج تۆمارکراوە و بەپێی پلانەکە، ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان، بە هەڵگرتنی چەک بەرگری بکەن.
مانۆڕە سەربازییەکە لەکاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە 201 شەوە لایەنگرانی حکومەت بۆ پاڵپشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڕژێنە سەر شەقامەکان و دروشمی دژی ئیسرائیل و ئەمریکا دەڵێنەوە.
بەگوتەی ساسان زارع، گوتەبێژی کەمپینەکە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 31 ملیۆن و 500 هەزار کەس وەک "گیانفیدای ئێران" ناوی خۆیان تۆمارکردووە، بەڵام هەموویان لە نمایشە سەربازییەکەی ئەمڕۆدا بەشدار نابن.
هاوکات حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی سوپای پاسداران لە پارێزگای تاران بە میدیای وڵاتەکەی گوت، دەست بەراهێنانی چەکداریی ئەو هێزە خۆبەخشەش کراوە و لەناو چەندین گرووپی جیاوازدا رێکخراون.
حەسەن حەسەنزادە ئەوەشی خستەڕوو، سێ رێڕەو لە تاران بۆ تێپەڕینی هێزەکان دیاریکراون کە "ژمارەیان ئەوەندە زۆرە لەوانەیە لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە، حەوت یان هەشت کاژێر بخایەنێت تاوەکو سەرجەم هێزە رێکخراوەکە و خەڵکی بەسیج بە رێڕەوەکاندا تێدەپەڕن."
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوبات بە هێرشێکی هاوبەش و فراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستیپێکرد، بەرپرسانی ئێران بەردەوام داوایان لە لایەنگرانی حکومەت کردووە بڕژێنە سەر شەقامەکان و بەهیچ شێوەیەک گۆڕەپانەکە چۆڵ نەکەن.
لەوکاتەوە لە زۆربەی شارەکانی ئێران لایەنگرانی حکومەت لە کەمپینی شەوانەدا بەشدارن و لە چوارچێوەی ئامادەبوونەکەدا، ناوی خۆیان وەک "گیانفیدای ئێران" تۆمارکردووە.
.webp&w=3840&q=75)
