رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران دەڵێ، لە تەنگەی هورمز کەشتییەکی بازرگانیی ''سەرپێچیکار''ـیان کردووەتەوە ئامانج کە هەوڵی داوە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕێت. ئاماژە بەوەش دەکات، کۆنترۆڵی رێڕۆ ئاوییەکە بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە.
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 18-09-2026، عەلی عوزمایی پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، کەشتییەکی ''سەرپێچیکار'' کە هەوڵی داوە بە ئاڵای وڵاتی (تۆگۆ)وە لە تەنگەی هورمز تێپەڕێت، لەلایەن هێزەکانیانەوە کراوەتە ئامانج.
بەگوتەی عەلی عوزمایی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، ئاگر لە کەشتییە بازرگانییەکە کەوتووەتەوە و دواتر لەکارکەوتووە.
فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران هۆشداری دەدات، کۆنترۆڵی رێڕۆ ئاوییەکە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە و ''تێپەڕینی نایاسایی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا، هیچ ئەنجامێکی نابێ جگە لە تێکشکانیان.''
پەیامەکەی عەلی عوزمایی لەکاتێکدایە، ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران جارێکی دیکە گەیشتوونەتە لووتکە؛ هەردوولا بانگەشەی کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز دەکەن و بەردەوام دەسەڵاتی یەکدی لە رێڕۆ ئاوییەکەدا رەت دەکەنەوە.
تەنگەی هورمز کە گرنگترین رێڕۆی وزەی جیهانە، ئێستا لەلایەن ئێرانەوە داخراوە و وەک کارتێکی گوشاری سەرەکی لەلایەن تارانەوە بەکاردێت بۆ ئەوەی واشنتن ناچار بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بکات و پابەندی لێکتێگەیشتنەکەی ئیسلامئاباد بێت.
هاوکات ئەمریکاش گەمارۆیەکی تووندی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی باشووری ئێران و رێگە بە هاتووچۆی کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکانی وڵاتەکە نادات.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، دوێنێ پێنجشەممە بەهۆی گرژییەکانەوە، تەنیا چوار کەشتی لە تەنگەی هورمز تێپەڕیون کە بەراورد بە رۆژی چوارشەممە، دوو کەشتی کەمترە دەرباز بوون.
.webp&w=3840&q=75)
