رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە کاردانەوەی "سیاسەت و هەڵوێستە دووژمنکارانەکانی" بەرپرسانی ئەڵمانیا و سوێد دژی تاران، باڵیۆزانی هەردوو وڵاتی بانگهێشت کردووە و مۆڵەتی 48 کاتژێریشی داوە بە دیپلۆماتکارێکی سوێدی بۆ ئەوەی خاکی ئێران جێبهێڵێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا، دەرکردنی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی لەلایەن سوێدەوە سەرکۆنە کرد. تاران رایگەیاند، باڵیۆزی سوێدی بانگهێشت کردووە و پێی راگەیاندووە کە دەبێت یەکێک لە دیپلۆماتکارەکانیان لە تاران، لە ماوەی 48 کاتژمێردا وڵاتەکە جێبهێڵێت.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە: "بەیانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) باڵیۆزی سوێد لە تاران لەلایەن عەلیڕەزا یوسفی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئەورووپای رۆژئاوا لە وەزارەتی دەرەوە بانگهێشت کرا و ناڕەزایەتیی تووندی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پێگەیێندرا بەرامبەر بە سیاسەتە تێکدەرەکانی سوێد، بەتایبەت لێدوانە بێبنەماکان و داڵدەدانی گرووپە تیرۆریستییەکانی دژە ئێران."
ئەم بڕیارەی ئێران دوای ئەوە دێت رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی سوێد باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد و داوای لە بەرپرسێکی باڵیۆزخانەی ئێران لە ستۆکهۆڵم کرد وڵاتەکە جێبهێڵێت، بەهۆی ئەنجامدانی چالاکییەک کە "لەگەڵ رێککەوتننامەی ڤییەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ناگونجێت".
پێشتریش وەزیری دادی سوێد، تارانی بە ئەنجامدانی "هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە" و هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل لەسەر خاکی سوێد تۆمەتبار کردبوو.
بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئەڵمانیا
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکی جیادا بڵاویکردەوە، ئەکسێل ویلهێلم دیتمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تاران، بەهۆی هەڵوێستەکانی بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا و "دەستوەردانەکانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە تاران"، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، عەلیڕەزا یوسفی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئەورووپای رۆژئاوا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو دیدارەدا رەخنەی توندی لە لێدوانەکانی فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا گرت و گوتی: "خەڵکی ناوچەکە و جیهان، دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا بە هاوبەشی جینۆساید و تاوانەکانی ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکان و وڵاتانی ناوچەکە دەزانن."
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە هات کە فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو: "دەبێت پشتگیرییەکانی تاران بۆ گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا رابگیرێت. ئێمە رۆژانە لێکەوتەکانی ئەم کارانە دەبینین و داوا لە ئێران دەکەین شەڕەکە نەهێنێتە ناو خاکی عێراقەوە."
مێرتس هەروەها گوتبووی: دەبێت ئێران کۆتایی بە گەمارۆدانی تەنگەی هورمز بهێنێت و لە سەرووی هەمووشیانەوە، بەرنامە ئەتۆمییە سەربازییەکەی رابگرێت.
