رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی ئێران دەڵێت، دوو دەروازەی سنووریی نوێ لەنێوان تورکیا و وڵاتەکەی لە ناوچەکانی چاڵدێران و سەڵماسی پارێزگای ورمێ دەکرێنەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوو وڵات رێککەوتوون، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بگاتە 30 ملیار دۆلار.
چوارشەممە 16-09-2026، ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەگەڵ مستەفا چیفتچی، هاوتا تورکییەکەی کۆبووەوە.
ئەسکەندەر موئمینی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند: ''ئێستا سێ دەروازەی سنووریی چالاکمان لەگەڵ تورکیا هەیە کە ناتوانن وەڵامدەرەوەی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بن، کە پێشتر لەسەری رێککەوتووین.''
وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر تاران و ئەنقەرە رێککەوتوون قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ساڵانەی نێوانیان بگەیێننە 30 ملیار دۆلار و ''لەسەر ئەم بنەمایە، بڕیارە ژمارەی دەروازە سنوورییە چالاکەکانی نێوانمان بۆ پێنج دەروازە زیاد بکرێن.''
هەر سێ دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و تورکیا دەکەونە سنووری رۆژهەڵات و باکووری کوردستان. وەک ئەسکەندەر موئمینی دەڵێت، لە کۆبوونەوەی دوێنێیاندا بڕیاری کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی دیکە لە شاری سەڵماسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان پەسند کراوە، ''ئێستا هەردوو لا سەرقاڵی ئامادەکردنی ژێرخانەکانن و بە زووترین کات دەکرێتەوە''.
بەگوتەی وەزیری ناوخۆی ئێران، کردنەوەی دەروازەی سنووریی پێنجەمیش لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە قۆناخی بەدواداچووندایە بۆ دیاریکردنی شوێنەکەی لە ناوچەی چاڵدێرانی ورمێ.
دەروازە سنوورییە چالاکەکانی ئێران لەگەڵ تورکیا بریتین لە دەروازەی سنووریی بازرگان لە شاری ماکۆ، دەروازەی رازی لە شاری خۆی و دەروازەی سێرۆ لە شاری ورمێ کە لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری بە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی ئێران دادەنرێن.
زیادکردنی ژمارەی دەروازە سنوورییە چالاکەکانی نێوان تورکیا و ئێران لەکاتێکدایە، هەر دوێنێ چوراشەممە ئەنقەرە لە چوارچێوەی تووندکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران، ژمارەیەک گەشتی ئاسمانی لەگەڵ تاران هەڵپەسارد، کە لە رێگەی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهانەوە دەکران.


