رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەرانی یەمەن و سعودیە هۆشدارییان لە پێشڕەوییەکانی حووسییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی بابولمەندەب دا و رایانگەیاند، ئەم هەنگاوە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایش و ئابووریی جیهان.
رۆژی سێشەممە 15-09-2026 عەبدوڵڵا سەعدی، نوێنەری یەمەن لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی خەریکی رێکخستنەوەی ریزەکانیانن بۆ رێگریکردن لە حووسییەکان کە هەڕەشە لە بابولمەندەب بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، شەڕی دژی حووسییەکان و هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی رێڕۆیەکی سەرەکیی وزە و بازرگانیی جیهانی، بووەتە پرسێکی نێودەوڵەتی و پێویستە گەمارۆی چەک بەسەریاندا جێبەجێ بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، عەبدولعەزیز واسیل، نوێنەری سعودیە لە کۆبوونەوەکەدا روونیکردەوە، مەترسیی دوایین گرژییەکانی حووسییەکان تەنیا بۆ سەر یەک وڵات نییە، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێک لە گرنگترین رێڕۆ ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و لێکەوتەی ئابووریی زۆر گەورەی دەبێت.
خالید خیاری، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی و ئاشتی، لە کۆبوونەوەکەدا هۆشداری دا، تاوەکو تەنگەکە بە داخراوی بمێنێتەوە، زیانە جیهانییەکانی زیاتر دەبێت. باسی لەوەش کرد، تاوەکو رۆژی دووشەممە 14-09-2026، نزیکەی 2,300 کەس بەهۆی ململانێکانەوە لە یەمەنەوە بەرەو جیبۆتی هەڵاتوون.
یەمەن کە زیاتر لە 40 ملیۆن دانیشتووی هەیە، رووبەڕووی یەکێک لە گەورەترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان بووەتەوە. خەڵکی ئەو وڵاتە ترسیان هەیە جارێکی دیکە شەڕی ناوخۆ سەرهەڵبداتەوە، کە پێشتر بووە هۆی کوژرانی نزیکەی 150,000 کەس.


