رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و دەڵێت، هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەی، 10 هێندە فراوانتر وەڵام دەدرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی تەنگەی هورمز، پێویستە ئەمریکا 24 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران ئازاد بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 09-09-2026، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە رێوڕەسمێکدا لە پارێزگای مەرکەزیی وڵاتەکە باسی لە دۆخی ناوچەکە و جەنگی نێوان تاران و واشنتن کرد و رایگەیاند: ''ئەم جەنگە تەنیا سنووردار نییە بۆ هێرشی سەربازی یان تیرۆرکردنی کەسایەتییەکان، بەڵکو ئامانجی سەرەکیی دووژمن، سەپاندنی ئەوەیە کە لە پشت پەردەوە پاڵپشتیی ئاژاوەگێڕەکان و گرووپە جوداخوازەکان دەکات.''
حوسێن موحیبی ئاماژەی بە ''رۆڵی ستراتیژیی تەنگەی هورمز'' کرد لە جەنگ لەگەڵ ئەمریکادا و گوتی: "دووژمن هەموو توانای خۆی خستووەتەگەڕ بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز، چونکە پێش جەنگ رۆژانە 15ملیۆن بەرمیل نەوت و 5 ملیۆن بەرمیل بەرهەمی نەوتی لەو رێگەیەوە دەگوازرایەوە، بەڵام ئێستا ئەم ئامارە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و زنجیرەی دابینکردنی وزەی جیهان لەسەر لێواری داڕمانە."
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوبات دەستیپێکرد، ئێران وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەربەستی بۆ هاتووچۆی ئازادی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دروست کرد. گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی: ''داخرانی تەنگەی هورمز، زیاترین زیانی بۆ ئەمریکا هەیە، چونکە پێش جەنگ 415 ملیۆن بەرمیل نەوتی یەدەگی هەبوو، ئێستا گەیشتووەتە 298 ملیۆن بەرمیل.''
حوسێن موحیبی باسی لە مەرجەکانی ئێران کرد بۆ ''گەڕانەوەی سەقامگیری'' و کردنەوەی تەنگەی هورمز و گوتی، "ئەگەر دووژمن کۆتاییهاتنی ئەم دۆخەی دەوێت، دەبێ وێڕای راگرتنی تەواوەتیی جەنگ، دەست لە هەڕەشەی دووبارە هەڵبگرێت، سوپای ئیسرائیل لە لوبنان بکشێتەوە و کۆتایی بە گەمارۆی سەر یەمەن بهێنرێت."
هاوکات گوتەبێژی سوپای پاسداران ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران بەهۆی سزا ئابوورییە نێودەوڵەتییەکانەوە، وەک مەرجێکی دیکەی کردنەوەی تەنگەی هورمز دەخاتەڕوو و دەشڵێت، ''پێویستە دەست لە هەر جۆرە دەستوەردانێک لە توانای ئەتۆمی و مووشەکیی وڵات (ئێران) هەڵبگرێت؛ توانایەک کە هی ئێرانە و بەپێی فەتوای رێبەر، هەرگیز بەرەو دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نەچووە و ناچێت."
حوسێن موحیبی هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت: "ئەگەر دووژمن دوو یان سێ ئامانجمان بپێکێت، ئێمە بە پێکانی 20 ئامانج وەڵامی تووندی دەدەینەوە."
دوو هەفتەیە هێرشی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی یەکدی لە کەنداو و تەنگەی هورمز دەستیپێکردووەتەوە. هەر ئەمڕۆ سوپای پاسداران رایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشەکانی واشنتن بۆ سەر کەشتییەکانی، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن کردووەتە ئامانج و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی نزیک کوێت و بەحرێنیش دەکاتە ئامانج.
هەڕەشەکەی سوپای پاسداران دوای ئەوە دێت کە سوپای ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە هێزەکانیان پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە.

.jpeg&w=3840&q=75)
