رووداو دیجیتاڵ
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیسرائیل تەنیا وڵاتی دیموکراسی و هاوبەشی راستەقینەی وڵاتانی ئەورووپایە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
رۆژی چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی سەبارەت بە گرژییەکانیان لەگەڵ بەریتانیا رایگەیاند، ژمارەیەک کێشە و ئاڵەنگاری هەن کە پێویستە رووبەڕوویان ببنەوە؛ دەشڵێت، تەلئەڤیڤ باشترین هاوبەشی وڵاتانی ئەورووپایە لە ناوچەکەدا.
گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای ئەوە هاتن کە دوێنێ بەریتانیا سزای بەسەر ژمارەیەک هاووڵاتیی ئیسرائیلیدا سەپاند، کە دەستیان لە هێرشکردنە سەر فەڵەستینیەکانی کەرتی رۆژئاوادا هەبووە و لە وەڵامیشدا ئیسرائیل بڕیاری داخستنی کۆنسووڵخانەی ئەو وڵاتەی لە کەرتی رۆژئاوادا دا.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، بزووتنەوەی حەماس بەرپرسیاری تەواوی قوربانیانی هەردوو لایەنەکەیە، چ ئیسرائیلییەکان بن یان فەلەستینییەکان.
ساعر رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پلانێکی نییە بۆ دەرکردن یان دوورخستنەوەی هیچ کەسێک لە کەرتی غەززە، بەڵام گوتی: "ئەگەر کەسێک بە ویستی خۆی بیەوێت کۆچ بکات و وڵاتێکیش هەبێت ئامادە بێت وەریبگرێت، ئێمە دژایەتی ئەوە ناکەین."
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هۆشداریی دا لەسەر هەڵمەتەکانی دژی وڵاتەکەی و رایگەیاند: "بە شەیتانکردنی تەنیا دەوڵەتی جوو لە جیهاندا، بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشدارە لە بەرزبوونەوەی ئاستی دژایەتی جووەکان لە جیهاندا."
حەوتی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە ئیسرائیل و بە گوێرەی ئاماری فەرمی ئەو وڵاتە، بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە هەزار و 100 کەس کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران. دوای هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی بۆ سەر غەززە کرد. بە گوێرەی تەندروستی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 200 هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون.


