رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە ئێران رایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشەکانی واشنتن بۆ سەر کەشتییەکانی، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکای لە ئوردن کردووەتە ئامانج و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی نزیک کوێت و بەحرێنیش دەکاتە ئامانج.
گرنگترین و دوایین پێشهاتەکانی جەنگەکە چییە؟
ئێران بنکەیەکی ئەمریکای لە ئوردن کردە ئامانج
سوپای پاسدارانی ئێران رۆژی چوارشەممە 09-09-2026 رایگەیاند، لە تۆڵەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکانی تاران، بە مووشەک بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکایان لە ئوردن کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەردا، دوای چەند خولەکێک سوپای ئوردن رایگەیاند، 18 مووشەکی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوون.
ئێران هەڕەشە لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی کوێت و بەحرێن دەکات
ئێران رایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکانی، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی نزیک کوێت و بەحرێن دەکاتە ئامانج و داوای لە تیمی کەشتییەکانیش کردووە لە کەشتییەکانیان دووربکەونەوە.
لە راگەیێندراوێکی سوپای پاسداراندا هاتووە: "هۆشداری دەدەینە سەرجەم ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرانەی لە بەندەرەکانی کوێت و بەحرێنن، کە میوانداریی ئەم تیرۆریستانە دەکەن و هاوبەشی تاوانەکانیانن، چ وەستابن یان نا، هۆشدارییان پێدەدەین کەشتییەکانیان چۆڵ بکەن چونکە دەکرێنە ئامانج."
ئەمریکا پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی تێکشکاند
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانیان تێکشکاندووە، ئەمەش دوای ئەوەی تاران لە چەند رۆژی رابردوودا دوو جار بە مووشەکی بالیستی کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکای کردە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێش ئەوەی لە کەشتییەکان بدرێت و پەکبخرێن، هێزەکانی ئەمریکا رێنماییان داوەتە تیمەکان کەشتییەکانیان چۆڵ بکەن، ئەم هێرشانەش "لە وەڵامی دوایین هێرشە شکستخواردووەکانی ئێراندا بوون."
ئەمریکا لە نەوتهەڵگرێکی دیکەی ئێرانی دا
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردەوە، نەوتهەڵگرێکی بچووکی ئێرانی لە دووریی نزیکەی شەش کیلۆمەتر لە دوورگەی خارگەوە بە مووشەکێکی ئەمریکی کراوەتە ئامانج. ئەمەش دوای ئەوە هات، میدیای ناوخۆیی بڵاویکردەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە دوورگەی خارگ بیستراوە، کە زۆربەی نەوتی ئێران لەوێوە هەناردە دەکرێت. میدیای ئێرانی باسی لە دوو تەقینەوەی دیکەش لە بەندەری جاسک لە باشووری وڵاتەکە کرد.
ئێران هەڕەشەی لێدانی بنکەکانی ئەمریکا دەکات
عەلی عەبدوڵڵاهی، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداریی دا ئەگەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران بکرێنە ئامانج، تاران هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. عەبدوڵڵاهی گوتی: "سوپای داگیرکەری ئەمریکا بۆ لێدانی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران هۆشداریی چۆڵکردنی داوە، بۆیە رایدەگەیەنم کە هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران، دەبێتە هۆی بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانمانەوە."
روبیۆ ئێران بە هێرشەکانی یەمەن تۆمەتبار دەکات
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەستی ئێران لە پشت ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە کراونەتە سەر سعودیە و دەیان کەس تێیاندا بریندار بوون. روبیۆ گوتی: "حووسییەکان لە زۆر رووەوە بریکار و نوێنەری ئێرانن، پێموایە بە روونی دەستی ئێران لە پشت بەشێک لەم رووداوانەدایە." هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆی یەمەن دوای چوار ساڵ لە ئاگربەست، حووسییەکان هێرشێکی نوێیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی نزیک تەنگەی بابولمەندەب دەستپێکرد."
پاسداران دەستبەسەرداگرتنی درۆنێکی ژێرئاویی راگەیاند
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دەستیان بەسەر "یەکێک لە مۆدێرنترین" ژێردەریاییە بێسەرنشینەکانی ئەمریکادا گرتووە. بەڵام سوپای ئەمریکا رایگەیاند یەکێک لە درۆنە ژێرئاوییەکانی بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە "لەکارکەوتووە" و مۆدێلێکی کۆن بووە و هیچ داتایەکی هەستیاری هەڵنەگرتبوو.
ئێران تێکشکاندنی هێرشێکی درۆنی راگەیاند
ئێران لە راگەیێندراوێکی دیکەدا بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە هێرشێکی درۆنییان پووچەڵکردووەتەوە. سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، درۆنێکی پێشکەوتووی جۆری MQ-1 لە ئاسمانی تەنگەی هورمز تێکشکێندراوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کێ لە پشت هێرشەکەوە بووە.
سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران
واشنتن لە چوارچێوەی زیاترکردنی گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران، سزای بەسەر سەرجەم ئەو هێڵە ئاسمانییە ئێرانییانەدا سەپاند کە پێشتر سزایان نەخرابووە سەر. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، رێکارە نوێیەکان 36 ئامانج لە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران دەگرێتەوە کە بۆ گواستنەوەی چەک، سەرباز و کەلوپەلی قاچاخ بەکارهێنراون.
بەرەوپێشچوون لە دانوستاندنی نێوان ئێران و عومان
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە دانوستانەکانیان لەگەڵ عومان سەبارەت بە بەڕێوەبردنی تەنگەی هورمز بەرەوپێشچوونی بەرچاو هاتووەتە ئاراوە. وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، عێراقچی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ژاپۆنییەکەی، تیشکی خستووەتە سەر دوایین دۆخی گفتوگۆکانی نێوان تاران و مەسقەت و ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونەکان کردووە.



