رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکی تایبەتدا بۆ لایەنگرانی پارتی لیکود رایگەیاند، حکومەتەکەی توانیویەتی سیمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕێت و تاران بخاتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە. گوتیشی، ئەرکی داهاتوویان رووخاندنی یەکجاریی رژێمی ئێران دەبێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبەردەم لایەنگرانی پارتەکەیدا گوتی، "دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە، بەرەى ئێرانمان تێکشکاندووە و رژێمی تارانمان گەیاندووەتە لێواری رووخان، بەڵام هێشتا ئەرکێک ماوە کە دەبێت تەواوی بکەین؛ ئەویش لەنێوبردنی یەکجاریی هەڕەشەی ئێران و رووخاندنی رژێمەکەیانە." هاوکات گوتیشی، ئامانجی سەرەکییان "کۆتاییهێنانە بە حیزبوڵڵا و حەماس" بۆ هەمیشە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکان ئەنجامی گەورەیان هەبووە و گوتی، "کارمان کردووە بۆ لەناوبردنی چەک و جبەخانەى سوپاى سووریا، تاوەکو نەبنە هەڕەشە بۆ سەرمان. هەروەها حیزبوڵڵا و ئەو کۆگەگەورانەی مووشەک کە لە لوبنان دروستی کردبوون، خاپوور کراون." باسی لەوەش کرد، تەنیا حکومەتەکەی ئەو دەتوانێت رێگری لە چەکداربوونی دووژمنەکانی ئیسرائیل بکات.
نەتەنیاهوو هێرشی کردە سەر نەیارە سیاسییەکانی و رایگەیاند، ئۆپۆزسیۆن دەیویست پێش کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، یەحیا سینوار، محەممەد زەیف و حەسەن نەسروڵڵا، لە غەززە بکشێتەوە. گوتیشی، "ئەوان دەیانویست بە مەرجەکانی حەماس رازی بن، بەڵام ئێمە بە نەڕەی شێر' هەموو پلانەکانی دوژمنمان تێکدا و ئێستا غەززە و لوبنان لەژێر گوشارێکی بێوێنەدان."
نەتەنیاهوو باسی لە گرنگیی ئاسایشی نێوخۆ کرد و ئەمیر ئەڤیڤی، سەرۆکی بزووتنەوەی (بیتەخۆنیست)ی وەک بەشێک لە تیمە نوێیەکەی ناساند. ئاماژەی بەوە کرد، سەپاندنی سەروەریی یاسا لە نێوخۆی ئیسرائیلدا ئەرکێکی ئەمنییە و گرنگییەکەی کەمتر نییە لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان. نەتەنیاهوو داوای پێکهێنانی "حکومەتێکی نیشتمانیی بەهێز"ی کرد بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی چەپەکان و پارتە عەرەبییەکان بە دەسەڵات.
ئیسرائیل لە 27ی ئۆکتۆبەری داهاتوو دەچێتە بەردەم سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 120 ئەندامی نوێی کنێسێت. ئەم گوتارەی نەتەنیاهوو لە کاتێکدایە، وڵاتەکە لە جەنگێکی فرەبەرەدایە. نەتەنیاهوو ململانێی ئەمجارەی هەڵبژاردن بە "مان و نەمان" وەسف دەکات و پێیوایە تەنیا پارتی لیکود دەتوانێت بەرەو "سەرکەوتنی یەکجاری"یان ببات.



