رووداو دیجیتاڵ
وەک وەڵامێکی دیپلۆماسیی تووند بۆ ئەو سزایانەی لەندەن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرەنسا و کەنەدا بەسەر کۆمەڵگە جوونشینەکاندا سەپاندوویەتی، ئیسرائیل بڕیاری دا کۆنسووڵخانەی بەریتانیا لە قودس/ئۆرشەلیم دابخات.
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو تۆمەتانەی ئێد میلیباند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی دەربارەی "پاکتاوی نەژادی" لە کەرتی رۆژئاوا خستوویەتییەڕوو، "درۆی شاخدارن." هاوکات گوتیشی، ئیسرائیل رێگە نادات بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ و هەڵبژاردنە دیموکراسییەکانیدا بکرێت.
وەک کاردانەوە بەرامبەر بڕیارەکەی بەریتانیا بۆ راگرتنی بازرگانیی ئازاد و بایکۆتکردنی کاڵای کۆمەڵگە جوونشینەکان، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل زنجیرەیەک رێکاری تووندی گرتووەتەبەر، لەوانەش: داخستنی دەستبەجێی کونسووڵخانەی بەریتانیا لە قودس/ئۆرشەلیم (کە وەک نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی کاردەکات)، دەرکردنی نوێنەرانی بەریتانیا لە بنکەی "کریات گات" و راگرتنی هەموو ئەو خوول و راهێنانە سەربازییانەی لەلایەن بەریتانیاوە بۆ هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی لە رامەڵڵا ئەنجام دەدران.
هەر لە چوارچێوەی ئەو سزایانەدا، ئیسرائیل بڕیاریداوە بە فەرمی رێگە لە هاتنەناوەوەی 12 بەرپرسی حکومیی بەریتانیا بۆ نێو خاکەکەی بگرێت، لەنێویاندا جێرمی کۆربین، سەرۆکى پێشووتری پارتى کارى بەریتانیای تێدایە. ئەو بەرپرسانە تۆمەتبار کراون بە ئەنجامدانی چالاکیی "دژە ئیسرائیل." هاوکات بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل داوای کرد باڵیۆزی بەریتانیا لە تەلئەڤیڤ دەربکرێت؛ ئیتمار بێن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانیش گوشاری خستووەتە سەر بنیامین نەتەنیاهوو بۆ ئەوەی بڕیاری داخستنی کونسووڵخانەکە بە تووندی جێبەجێ بکرێت.
لەلایەکی دیکەوە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رەخنەی لە بڕیارەکەی لەندەن گرت و رایگەیاند، "ئەم بڕیارەی بەریتانیا هەڵەیەکی مێژووییە و سزاکان چارەسەر نین، بەڵکو دەبێت لە رێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن." ساعر ئاماژەی بەوەش کرد، ئیسرائیل سەرقاڵی ئامادەکردنی سزای هاوشێوەیە بۆ ئەو وڵاتە جیاوازانەی دیکەی ئەورووپا کە بایکۆتی نیشتەجێگەکانیان کردووە.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان لەندەن و تەلئەڤیڤ گەیشتووەتە نزمترین ئاست، بەتایبەت دوای ئەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و کەنەدا بڕیاریاندا بایکۆتی ئەو کاڵایانە بکەن کە لە نیشتەجێگە جوونشینەکانی کەرتی رۆژئاوادا بەرهەم دەهێنرێن. بەریتانیا پێیوایە فراوانکردنی نیشتەجێگەکان هەڕەشەیە بۆ سەر چارەسەری دوودەوڵەتی، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل ئەم هەنگاوانە وەک جیاکاری بەرامبەر گەلی جوو دەبینێت. ئەم قەیرانە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل خۆی بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی کۆتایی مانگی 10 ئامادە دەکات.



