رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە هەڤپەیڤینێکدا کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند ئەڵمانیا "دووبارە جەنگی دەوێت،" هاوکات ئەو تۆمەتانەی بەرلینی رەتکردەوە کە گوایە رووسیا بەرپرسیارە لە هێرشە درۆنییەکەی سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ.
پێشتر حکومەتی ئەڵمانیا، مۆسکۆی بە بەرپرسیاری ئەو رووداوە زانیبوو و رایگەیاندبوو، رووسیا "سیخووڕی ئاست نزم"ـی ناردووە بۆ هەوڵدان بۆ "هێرشێک" لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە بۆ سەر فڕۆکەخانەی لایپزیگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا.
لەم هەفتەیەدا مۆسکۆ و بەرلین ناوەندە کولتوورییەکانی یەکدییان داخست و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاش باڵیۆزەکانی رووسیایان بانگهێشت کرد.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: "ئەمە دەستپێکی جەنگێکی راستەقینەیە. ئەوان کونسوڵگەریی گشتییان لە (بۆن) دەرکرد و (ناوەندی کولتووریی رووسیا) لە بەرلین دادەخەن". لاڤرۆڤ گوتیشی: "لەبیرمە کە پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم دۆخەکە چۆن بوو، ئەوان دووبارە جەنگیان دەوێت."
هەروەها لاڤرۆڤ ئەڵمانیای بە "نازیزم" تۆمەتبار کرد و هۆشداریی دا: "سەرکردایەتیی رووسیا دەگاتە ئەنجامی گونجاو".
لێدوانەکانی لاڤرۆڤ لە کاتێکدایە، هێرشەکانی مۆسکۆ زیاتر لە چوار ساڵ و نیوە بەردەوامە. هەروەها ئەم قسانە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی رووسیا دێن کە بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە بەڕێوەبچن.



