رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی تووندتری کرد بۆ هەر هێرشێکی دیکەی ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی لە نوێترین زنجیرەی پێکدادانەکاندا تاران کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکای کردە ئامانج.
رۆژی یەکشەممە 06-09-2026 محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و دانوستاندنکاری باڵای ئێران لە گوتارێکدا کە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: "دەبێت ئەمریکییەکان تێگەیشتبن کە سەردەمی وەڵامدانەوەی هاوتا [یەکسان] کۆتایی هاتووە." گوتیشی: "هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر بەرژەوەندی و ئاسایشی ئێران، رووبەڕووی وەڵامێکی خێراتر، تووندتر و بەئازارتر دەبێتەوە."
ئەم پێکدادانانە کە هەفتەی رابردوو بە هێرشەکانی ئەمریکا دەستیان پێکرد، لە کاتێکدایە جەنگی شەش مانگەی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە بنبەست.
ئێران هێشتا کۆنترۆڵی تووندی بەسەر تەنگەی هورمزدا سەپاندووە، لە بەرامبەریشدا واشنتن بەردەوامە لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران و سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر قەوارە داراییەکانی ئەو وڵاتەدا بۆ ئەوەی ناچاریان بکات خۆیان بەدەستەوە بدەن.
رۆژی شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، ئێران تەقەی لە دوو کەشتیی جەنگیی ئەمریکا (فڕۆکەهەڵگرێک و تێکشکێنەرێک) کردووە، "بەڵام سەرکەوتوو نەبووە."
لە کاتێکدا سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کەشتییە ئەمریکییەکان زیانیان بەرکەوتووە و "ناچار بە پاشەکشە کراون،" سێنتکۆم رایگەیاند، بە سەرکەوتوویی خۆیان لە هێرشەکان پاراستووە.
لە وەڵامی ئەو هێرشانەی ئێراندا، سێنتکۆم رایگەیاند، سێ کەشتیی نەوتهەڵگری سەر بە سوپای پاسدارانیان بەتەواوی پەکخستووە، ئەوانیش کەشتیی (داونی) لە کەناراوەکانی دوورگەی خارگ، (ستارک) لە نزیک جاسک و (کایلۆ) لە دەریای عومان.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم هۆشداریی دا: "ئەگەر تەقە لە دوو کەشتییمان بکەن، ئێمە سێ کەشتیتان لێ تێکدەشکێنین و باجێکی ئابووریی زیاترتان بەسەردا دەسەپێنین."
دوای ئەوە، ئێران بەخێرایی وەڵامی دایەوە و سوپای پاسداران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان سێ نەوتهەڵگریان لە "رێڕۆی رێگەپێنەدراوی تەنگەی هورمز" و سێ کەشتیی دیکەی پەیوەندیدار بە ئەمریکاوە کردووەتە ئامانج. هەروەها رۆژی یەکشەممە، پاسداران رایانگەیاند، درۆنێکی دەریایی ئەمریکایان لە کاتی هەوڵدان بۆ چوونە نێو تەنگەکەوە کردووەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش هێرشەکەی ئەمریکای بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانیان بە "کردەوەیەکی نایاسایی و دەستدرێژیکارانە" وەسفکرد.
لەلایەکی دیکەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات گرنگیی ئەم جەنگە شەش مانگەیە کەم بکاتەوە، بەتایبەت کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی نیوە خولدا لە ناوخۆی ئەمریکا ناڕەزایەتیی لێکەوتووەتەوە.
ترەمپ رۆژی هەینی جەنگەکەی بە "کێشەیەکی بچووک" بۆ واشنتن وەسفکرد. پێشتریش هەڕەشەی سەپاندنی سەروەریی ئەمریکای بەسەر تەنگەی هورمزدا کردبوو.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش سوورە لەسەر ئەوەی تاوەکو ئێران کۆتایی بە هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان نەهێنێت، ئەمریکا دەست بە دانوستاندن ناکاتەوە.



