رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن رایدەگەیێنن، لە ئەنجامی پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و چەکدارانی حووسی، زیاتر لە 140 چەکداری هەردوولا کوژراون.
لەنیوەڕۆی رۆژی شەممەوە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، پێکدادانی خوێناوی لەنێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن کە لەلایەن هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە پاڵپشتی دەکرێن و چەکدارانی حووسی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، روویدا.
دوو سەرچاوەی سەربازی لە هێزەکانی حکومەتی یەمەن بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، لەو شەڕانەدا 84 سەربازیان کوژراون. لە بەرامبەریشدا چوار سەرچاوە لەنێو حووسییەکان کوژرانی 57 چەکداری خۆیانیان لە هەمان ماوەدا پشتڕاست کردووەتەوە.
پێکدادانەکان کە بە تووندترین شەڕی چەند ساڵی رابردوو هەژمار دەکرێن، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دەستیان پێکرد؛ ئەوەش کاتێک حووسییەکان لەرێگەی هێرشی زەوینی و هاوێشتنی مووشەک و درۆنەوە هێرشیان کردە سەر ناوچە کەناراوییەکانی دەریای سوور و دەوروبەری شاری تەعز. ئامانجی حووسییەکان پێشڕەویکردنە بەرەو ئەو ناوچانەی دەکەونە نزیک گەرووی بابولمەندەب و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتدان.
بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە پشتی بە سەرچاوە سەربازی و پزیشکییەکانی هەردوولا بەستووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانەوە زیاتر لە 300 چەکدار و ژمارەیەک خەڵکی سڤیل کوژراون.
سەرچاوەیەکی سەربازیی سەر بە حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن کە بنکەکەی لە شاری عەدەنە لە باشووری وڵاتەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە پێکدادانەکان سەرلەنوێ دەستیان پێکردووەتەوە.
سەرچاوەکە دەڵێت: "هێزەکانمان توانیویانە دوای پێشڕەویکردنیان، پێگەکانیان لە باکووری ناوچەی حەیس قایم بکەن"، کە دەکەوێتە دووریی 70 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری تەعز بەرەو کەناراوەکانی دەریای سوور. بەڵام دانی بەوەشدانا کە حووسییەکان لە رۆژئاوای پارێزگەی تەعز بەرەو کەناراوەکانی گەرووی بابولمەندەب پێشڕەوییان کردووە.
لە مانگی ئابی رابردوودا، حکومەتی یەمەن هۆشداریی دا لەوەی حووسییەکان پلانیان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی کەناراوەکانی بابولمەندەب. ئەگەر ئەوە رووبدات مەترسی لەسەر رێڕەوێکی دیکەی گرنگی دەریایی دروستدەبێت، بەتایبەتی کە پێشتر ئێران بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەری لە 28ی شوبات و فراوانبوونی جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هاتووچۆی کەشتییەکانی لە تەنگەی هورمز راگرتبوو.



